حكوومەتی میسر خۆپیشاندانەكانی سنووردار كرد

 حكوومەتی میسر خۆپیشاندانەكانی سنووردار كرد
قەدەغەكردنی هەر جۆرە خۆپیشاندانێك لەلایەن حكوومەتی میسرەوە راگەیاندراو ئەمەش ناڕەزایی چەند رێكخراوێكی مافی مرۆڤی لەو وڵاتە و خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمینی لێكەوتەوە.

بە پێی راگەیاندراوێكی فەرمی حكوومەتی میسر هەموو جۆرە خۆپیشاندانێك لەو وڵاتە قەدەغراوە و هەر بە پێی راگەیاندراوەكە هێزە ئەمنییەكان رێگایان پێ دراوە بە بێ ڕەزامەندی حكوومەت دەتوانن هەڵبكوتنە سەر ئەو شوێنانە كە خۆپیشاندانی ناڕەزایی تێدا ئەنجام دەدرێت.

ئەم راگەیاندراوەش ناڕەزایی نۆزدە رێكخراوی مافی مرۆڤی لە میسر لێكەوتەوە. ئەو نۆزدە رێكخراوە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لە بارەی راگەیاندراوەكەی حكوومەتی میسر بڵاوكردەوە كە تێدا هاتووە، قەدەغەكردنی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێكی سەر شەقام لەو وڵاتە خۆی لە پێشێلكاری مافی مرۆڤ دەبینێتەوە و بۆیە ئەو نۆزدە رێكخراوە وێرای ئیدانە كردنی راگەیاندراوەكەی حكوومەتی میسر هەروەها راگەیاندراوەكەیان رەت كردەوە.

راگەیاندنی قەدەغەكردنی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی لەلایەن حكوومەتی میسرەوە دوای ئەوە دێت لە دوو هەفتەی رابردوودا حكوومەتی ئەو وڵاتە باری نائاسایی لە وڵاتدا هەڵگرت.
Top