پەرلەمان وەزیرێکی پێشنیازکراوی رۆحانی رەتکردەوە

 پەرلەمان وەزیرێکی پێشنیازکراوی رۆحانی رەتکردەوە
پەرلەمانی ئێران دەنگی متمانەی بە رەزا ساڵح ئەمیری، وەزیری پێشنیازکراوی حەسەن رۆحانی بۆ وەزارەتی تەندروستی نەدا، بەڵام دوو وەزیری دیکە نوێ دیاری کران و دەنگی متمانەی پەرلەمانیان وەرگرت .

عەلی ئەسغەر فانی، وەزیری پێشنیازکراوی وەزارەتی پەروەردە و راهێنان و رەزا فەرەجی دانا، وەزیری پێشنیازکراو بۆ وەزارەتی علوم دەنگی متمانەی پەرلەمانیان بەدەست هێناو بە شێوەی فەرمی دەستیان بە کارکرد .

ئەلیاس نادران، نوێنەری رێی و شێمیرانات لە پارێزگای تاران هێرشی کردە سەر رەزا ساڵح ئەمیری، وەزیری پێشنیازکراوی وەزارەتی تەندروستی و بە وەرگرتنی بەرتیل و ئەشکەنجەی زیندانیان وقاچاغ و بوونی لەناو خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009ی تۆمەتبارکرد .

تەلەفزیۆنی حکومەتی ئێران بریار وابوو لە بەیانییەوە دانیشتنی پەرلەمان راستەوخۆ بگوازێتەوە، کە دوای ئەم بریارە، راستەوخۆ نەگوازرایەوە ، کە بووە هۆیی نارەزایەتی دەربرینی چەند پارلەمانتارێک.

لە میانەی دانیشتنەکەدا حەسەن روحانی بۆ پشگری کردن لە وەزیرە پێشنیازکراوەکانی قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە دەبێت سەربەخۆیی زانکۆکان بپارێزرێ و نابێت زانکۆکان ئەمنییەتی بن و بە ئاماژە بە قسەیەکی موتەهەری گوتی : من پێم خۆشە تەنانەت کورسی بدین بە مارکسیستەکانیش تاوەکو بێن و قسەی خۆیان بکەن و ئێمەش وەڵامیان بدەینەوە .

بە پێی راپۆرتی هەواڵییەکانی ئێران، حەسەن رۆحانی لە میانەی تاووتوێکردنی شیاوی وەزیرانی پێشنیازکراو، ئاماژەی بە زمانی زگماکی کرد و گوتی : له‌ وه‌زاره‌تی پەروەردە و راهێناندا، ده‌بێ گۆڕانکاری جیددی بکرێت و په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی کاری ئەو وه‌زاره‌ته‌وه‌.

رۆحانی گوتیشی: \"ئێمه‌ ده‌بێ ماددەی 15ی دەستوور جێبه‌جێ بکه‌ین و ئه‌م کاره‌ ده‌بێ له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ ده‌ستپێبکات و له‌ قۆناغه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی په‌روه‌رده‌ تاوەکو کۆتایی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌رده‌وام بێت.








رووداو"
Top