سەرۆك وەزیرانی هیندستان رێگریی كردووە ئەمریكا سیخوڕی بەسەرەوە بكات

 سەرۆك وەزیرانی هیندستان رێگریی كردووە ئەمریكا سیخوڕی بەسەرەوە بكات
سەرۆك وەزیرانی هیندستان نە مۆبایلی هەیە و نە ئیمەیڵی تایبەت، ئەوەش بو‌وەتە هۆكارێك كە ئەمریكا نەتوانێت سیخوڕی بەسەرەوە بكات.

یەكێك لە گوتەبێژەكانی مانمو هان سینگ، سەرۆك وەزیرانی هیندستان، پشتڕاستیكردووەتەوە \"ئەو سیاسەتوانە 81 ساڵەیە لە پەیوەندییەكانی رۆژانەی خۆی مۆبایل و ئیمەیڵی تایبەت بەكار ناهێنیت و نیگەرانی نییە لە سیخوڕیكردنی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەیەوە\"".

ئەوە دەریدەخات كە سیخوڕیكردنی ئەمریكا لەسەر پەیوەندییەكانی سەرۆكەكانی جیهان، سەبارەت بە سەرۆك وەزیرانی هیندستان كاریگەر نەبووە و نەیانتوانیوە لەو هەوڵەیاندا سەركەوتوو بن.

كەیسی سیخوڕیكردنی ئەمریكا بەسەر وڵاتانی جیهان، هەمووانی تووشی شۆك كرد و ئاڵۆزییەكی تەواوی لەنێو ئەمریكا و هاوپەیمانانی دروستكردووە، بەتایبەت ئەڵمانیاو فەرەنسا.

لە بەیاننامەیەكدا كە لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی ئەوروپا بڵاوكرایەوە، هاتووە \""لەدەستدانی متمانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیان بەشەڕی دژە تیرۆر دەگەیەنێت\"".

هەروەها راوێژكاری ئەلمَانیا، كە یەكێكە لەو سەركردانەی بەپێی رۆژنامەكانی ئەڵمانیا ماوەی 10 ساڵە سیخوڕی بەسەرەوە دەكرێ، رایگەیاند: \""سیخوڕیكردن لەنێوان هاوڕێیان بەهیچ شێوەیەك قبووڵ نییەو متمانەی نێوان وڵاتانیش ناهێڵێت\"".

لە چەند مانگی رابردوودا ئیدوارد سنۆدن، كارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی سیخوڕیكردنی وڵاتەكەی لەسەر پەیوەندییەكانی سەرۆك وڵاتانی جیهان بڵاوكردەوە، كە بووەتە هۆی نیگەرانی ئەو وڵاتانە لە ئەمریكا.









رووداو"
Top