200 ئەڵمانی بۆ \"جیهاد\"" چوونەتە سووریا "
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا مەزندە دەكەن هەزار كەس لە وڵاتە جیاجیاكانی ئەورووپاوە روویان كردبێتە سووریا بۆ جیهاد و شەڕ دژی رژێمی ئەسەد، كە 250 كەسیان لە كۆتاییەكانی 2012 رۆیشتوون، لە نێوانیاندا 90 بەریتانی و 120 بەلجیكی و 50 دانیماركی و 150 كۆسۆڤی هەن.
بەگوێرەی راپۆرتی ئۆفیسی پاراستنی دەستووری ئەڵمانیا، 200 كەسی ئیسلامی تووندڕەوی ئەڵمانی لە سەرانسەری ئەڵمانیا روویانكردووەتە سووریا و لە باكووری ئەو وڵاتە سەربازگەیەكی تایبەتی ئیسلامییە ئەڵمانەكانیان دروستكردووە، بەگوێرەی نوێترین ئامارەكانی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیاش، تاوەكو ئێستا 8 ئەڵمانی لە شەڕەكانی سووریا كوژراون.
گۆڤاری دێر شبیگڵی ئەڵمانی، بە پشتبەستن بە راپۆرتێكی نهێنی 71 لاپەڕەیی، ئاشكرایكرد بەسەدان هەزار یۆرۆ كۆكراوەتەوە بۆ كۆمەكی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ كڕینی چەك و ئامادەكردنی جیهادییەكان بۆ رەوانەكردنیان بۆ سووریا و شەڕی دژی ئەسەد، كە زۆربەشیان خەڵكی ویلایەتی باكووری راین و ستفالیان و بەشێكی دیكەشیان خەڵكی ویلایەتەكانی هیس، بەرلین، بافاریا و هامبۆرگن.
گرووپە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریا، جیهادییە ئەڵمانەكان زۆر بە گونجاو دەزانن بۆ كردە خۆكوژییەكان، چونكە نە لە شەڕی چەكداری شارەزاییان هەیە، نە زمانی عەرەبیش دەزانن.
ئەڵمانیا مەترسی ئەوەی هەیە، جیهادییە ئەڵمانەكان بەڕێگای ئینتەرنێت بتوانن خەڵكێكی زیاتر بڕواپێبهێنن، كە بۆ جیهاد روو بكەنە سووریا و دوای كۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەشیان بۆ ئەڵمانیا، تووندوتیژی لەنێو كۆمەڵگەی ئەڵمانی بڵاوبكەنەوە و ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا.
رووداو