ئەردۆغان: ناردن یان نەناردنی شاند بۆ ئیمرالی بەدەست حكوومەتە
بە پێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا و سەرۆكی گشتیی ئاك پارتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی خۆی لە پەرلەمانی توركیا گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: سەبارەت بە ئیمراڵی تەنیا حكومەت بۆی هەیە بڕیار بدات كێ دەتوانێ سەردانی ئیمراڵی بكات و كێ ناتوانێ سەردانی بكات، حكوومەت پێی خۆش بێ مۆڵەت بە شاند دەدا سەردان بكات و پێی خۆش نەبێ مۆڵەت نادا.
ئەردۆغان گوتی: لە ژێر هیچ هەلومەرجێكدا كەس بۆی نییە نەخشەڕێگا بۆ حكوومەت یا بۆ وەزارەتی داد دابنێ، بۆیە پێویستە هەر كەس قەبارەی و سنوری خۆی بزانێ، ئەگەر هەر كەس سنور و قەبارەی خۆی بزانێ ئەوا دەتوانێ لە یاساكان سوودمەند بی.
لەبارەی رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەردۆغان رایگەیاند: حەساسیەتەكانی ناوچەكە لە بەرچاون و توركیا بڕیاری نیە زیانن بە هیچ وڵاتێك بگەیەنێ و بە هیچ شێوەیەكیش هەوڵی نەداوە لەو زەرەر و زیانانەی رووبەرووی گەلانی ناوچەكە یا خەڵكی وڵاتێك دەبنەوە سوودمەند ببێت.