هەواڵگریی ئەمریكا سیخوڕیكردن بەسەر فەرەنساوە رەتدەكاتەوە

 هەواڵگریی ئەمریكا سیخوڕیكردن بەسەر فەرەنساوە رەتدەكاتەوە
بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا، هەواڵێكی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی سەبارەت بە سیخوڕیكردنی ئەمریكا بەسەر هێڵی تەلەفۆنی فەرەنسا رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن، ئەمریكا و فەرەنسا ھاوپەیمانی ستراتیژی یەكن و ھاوپەیمانێتی نێوانیان بەردەوام دەبێت.

جەیمس كلاپەر، رێكخەری ھەواڵگریی نەتەوەیی ئەمریكا، ھەواڵەكەی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی رەتكردەوە، كە دەزگای ھەواڵگری ئەمریكا گوێی لە ملیۆنان پەیوەندی تەلەفۆنی لە فەرەنسا گرتبێت.

رێكخەری ھەواڵگری نەتەوەیی ئەمریكا، رایگەیاند \"سەرلەبەری ئەو ھەواڵانەی لە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی بڵاوبوونەتەوە، دوورن لە راستی\"". گوتیشی \""زانیاریی نادوست لە ھەواڵەكەدا ھەن، بە تایبەتی سەبارەت بە چالاكییەكانی دەزگای ھەواڵگری ئەمریكا و گوێگرتن لە ٧٠ ملیۆن پەیوەندی تەلەفۆنی\"".

جەیمس كلاپەر، گوتیشی \""ھاریكارییە ھەواڵگرییەكانی نێوان فەرەنسا و ئەمریكا بەردەوام دەبن و دەزگاكەیان بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی چەكی كۆكوژ، ھەموو كارێك ئەنجام دەدات\"".

لەلایەكی دیكەشەوە گۆڤاری دێر شپیگڵ-ی ئەڵمانی هەواڵی بڵاویكردووەتەوە كە ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كاری سیخوڕی لەسەر پۆستە ئەلیكترۆنییەكانی سەرۆكی پێشووی مەكسیك فیلیپ كالدیرۆن كردووە و چەند ساڵێكیشە بەردەوام بە سیستم چاودێریی نهێنی كارەكانی حكومەتی ئێستای مەكسیكیش دەكات.

گۆڤارە ئەڵمانییەكە بەڵگەیەكی نهێنیشی بڵاوكردووەتەوە كە راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سنۆودن ئاشكرای كردووە.

لای خۆشییەوە وەزیری ناوخۆی مەكسیك رایگەیاندووە كە دەست بە لێكۆڵینەوەی ورد دەكات سەبارەت بەو هەواڵانە و لە هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاریدایە.

دۆكیۆمێنتێكی دیكەش بڵاوكراوەتەوە كە باس لەوە دەكەن ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هەموو ئیمەیلەكانی سەرۆكی ئێستای مەكسیك پێنا نیتۆی خوێندووەتەوە پێش ئەوەی وەك سەرۆكی مەكسیك هەڵبژێردرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی مەكسیك بانگی باڵیۆزی ئەمریكای كردووە بۆ ئەوەی روونكردنەوە لەسەر ئەو هەواڵانە بدات.

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن كە جگە لە فەرەنسا و مەكسیك دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا سیخوڕییان بەسەر زۆر وڵاتی دیكەوە كردووە، كە ئەڵمانیاش لەنێو ئەو وڵاتانەدایە، بەڵام ناوی وڵاتەكانی دیكە ئاشكرا نەكراون.








رووداو"
Top