شێخە سعودییەكان لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە بەچی ناودەبەن؟

 شێخە سعودییەكان لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە بەچی ناودەبەن؟
شاندێكی شێخە سعودییەكان بە سەرۆكایەتی شێخ ناسر عومەر، ئەمینداری گشتیی رابیتەی زانایانی مسوڵمان، كە یەكێكە لە دیارترین زاناكانی وڵاتی سعودییە هەوڵی ئەوەیان دا شای وڵات ببینن بۆ ئەوەی دەربارەی ئەو شتە قسەی لەگەڵ بكەن، كە ناویان ناوە \"كردنەوەی دەرگای فەسادی\""، كە لە راستیدا قسەكردنە لەسەر رێگەپێدانی ژنان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە یوتیوب و ئەكاونتی تویتەری خۆی دایناوە شێخ ناسر عومەر دەڵێت \""من و شێخەكان هاتووینە لای پاشا تاوەكو هەستیاری و ترسناكی ئەم قۆناخە و كردنەوەی دەرگا بەڕووی فەسادی بۆ شا روون بكەینەوە\"".

ئەو دەشڵێ \""ئەگەر ئەوانەی خاوەنی پیلانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلن لەلایەن ژنانەوە لە پەنجەرەوە هاتبنە ژوورەوە، ئەوا شێخەكان لە دەرگاوە هاتوونەتە ژوورەوە ، ئێمە لە سەرانسەری مەملەكەتەوە هاتووین بۆ ئەوەی شا و دەسەڵاتداران ببینین و ئەم كەشە ترسناكەی وڵاتی تێكەوتووە روون بكەینەوە\"".

لە سعودیە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە بە كارێكی حەرام دادەنرێت، هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی سعودییە بە یاسا رێگەی لە ئۆتۆمبێل لێخوڕین لەلایەن ژنانەوە نەگرتووە، بەڵام مۆڵەتی شۆفێری تەنیا بە پیاوان دەدات. ژنانی ئەو وڵاتەش هەڵمەتێكی گەورەیان رێكخستووە و بەنیازن لە رۆژی 26ی مانگی تشرینی یەكەم ئەو كلتو‌ورە پشتگوێ بخەن و خۆیان دەست بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان بكەن و تاوەكو ئێستاش زیاتر لە 20 هەزار كەس پشتگیریی خۆیان بۆ هەڵمەتەكە دەربڕیوە.

جگە لە قەدەخەكردنی شۆفێری، بۆ ژنان نەبوو ببنە پارێزەر تاوەكو مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، بەڵام لەو مانگەدا دادگای ئەو وڵاتە بڕیاریدا چوار ژن ببنە پارێزەر لە دادگاكانی وڵات.









رووداو "
Top