رۆحانی دژی دووبارە لە سێدارەدانەوەیە

 رۆحانی دژی دووبارە لە سێدارەدانەوەیە
دەوڵەتی ئێران دژی دووبارە لە سێدارەدانەوەی ئەو تاوانبارەیە، کە دوای لە سێدارەدانی دیسان زیندووبووەوە.

مستەفا پور محەممەدی، وەزیری دادی ئێران رایگەیاند \"دەوڵەتی حەسەن رۆحانی دژایەتی خۆی بەرامبەر دووبارە لە سێدارەدانەوەی ئەو تاوانبارە دەردەربڕێ، کە جارێک لە سێدارە دراوە و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیندووبووەتەوە\"".

پورمحەممەدی رۆژی دووشەممە 21-10-2013 لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی نامە نیوزی ئێرانی گوتی \""بە ئامانجی رێگریکردن لە دوبارە لەسێدارەدانەوەی ئەو کەسە، دانوستانمان لەگەڵ دەزگای دادی ئێران دەستپێکردووە و هیوادارین بگەینە ئەنجامێکی باش\"".

عەلیرەزا، کە بە هۆی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان جارێک بە لە سێدارەدان سزا درابوو، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە پاش ئەوەی لە سێدارە درا و بۆ ماوەی 12 خولەک پەتی سێدارەی لە مل بوو، هێنرایە خوارەوەو مردنەکەی لەلایەن ئەو پزیشکانەی لە شوێنی لە سێدارەدانەکەی ئامادەبوون پشتڕاستکرایەوە، بەڵام پاش 24 کاژێر لە ساردخانە زیندوو بووەوە.

ئەو رووداوە کەوتە بەرباسی میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان و دەزگای دادی ئێران رایگەیاند \""پاش جێگیر بوونی باری تەندروستی ئەو کەسە، دیسان لەسێدارە دەدرێتەوە.\"" ئەوەش بووە هۆی نارەزایی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێران لەسەری هاتنە دەنگ.

سافی گۆڵپایەگانی و بەیات زەنجانی، دوو مەرجەعی شیعەکانی ئێران لەسەر دووبارە لە سێدارەدانەوەی ئەو کەسە رایانگەیاند \""لە لایەنی ئایینییەوە دووبارە لە سیدارەدانەوەی عەلیرەزا.م رێگە پێدراو نییە\"".

ئەوە بووەتە هۆکارێک، کە دەوڵەتی رۆحانیش بێتە دەنگ و وەزیری دادی کابینەی رۆحانی دەریدەبڕێت \""دەوڵەت لەسەر ئەو پرسە ملکەچی دەزگای دادە، بەڵام پشتیوانی خۆمان بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەو بڕیارە دەردەبڕین\"".

وەزیری دادی ئێران دەڵێت، بە هۆکاری جۆربەجۆر لەوانە، نێوخۆیی و فەرهەنگی و بەتایبەت نێودەوڵەتی، \""ناتوانم رەزامەند بم لەسەر دووبارە لە سیدارەدانەوەی ئەو کەسە\"".

رێکخراوی بەخشینی نێودەوڵەتی ئەو بڕیارەی بە مەترسیدار و نامرۆڤانە ناوزەدکرد و داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کرد \""ئەو بڕیارە رابگرن، بە هۆی ئەوەی ئەو کەسە جارێک تاڵی و ئازارەکانی مردنی چەشتووە، نامرۆڤانەیە ئەگەر جارێکی دیکە بەو ئاڕاستەیەدا ببرێت\"".








رووداو"
Top