نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ راستەوخۆ چاویان بە یەکتری کەوت

نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ راستەوخۆ چاویان بە یەکتری کەوت
رۆژی یەکەمی خولی تازەی دانوستانی نێوان ئێران وڵاتانی پێنج زێدە یەک، دوێنێ سێشەممە کۆتایی پێ‌هات و لایەنەکان بە خۆشبینیەوە باس لە ئەنجامی ئەم دانوستانانە دەکەن. لە کۆتایی یەکەم رۆژی دانیشتنەکەدا نوێنەرانی ئێران و ئەمریکاش بۆ ماوەی کاتژمێرێک پێکەوە کۆبوونەوە.


ئەمە یەکەمجارە نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لەبارەی کێشەی ناوکیی ئێران بەیەکەوە کۆدەبنەوە.


دیداری نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە نێوان \"عەباس عێراقچی\"" و \""وێندی شێرمەن\""، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتدا ئەنجام درا.


ماری هڵف، یەکێک لە وتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرلەم دیدارە گوتبووی حکومەتەکەی پێشوازی لە دیداری راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا دەکات.


لەیەکەم رۆژی دانوستانەکانی نێوان ئێران و شەش دەستەڵاتە جیهانیەکەدا، ئێران بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ناوکیی نێوان ئێران و رۆژئاوا، پێشنیاری نوێی ئامادە کردووە و داواشی کردووە، ناوەرۆکی پێشنیارەکانی ئێران جارێ بە نهێنێ بمێنێتەوە.


دوای تەواوبوونی رۆژی یەکەمی دانوستانەکان کاترین شتۆن کە سەرۆکایەتی لایەنی شەش وڵاتەکە دەکات و هەروها وەزیری دەرەوەی ئێران خۆشبینیی خۆیان سەبارەت بەم دانووستانانە راگەیاند.

بە پێی ئەم دەنگۆیانەی درزیان کردووەتە دەروەی کۆبوونەوەکە، گوایە ئێران لە پێشنیارەکەیدا دەڵێت بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادات پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەڵەتی بە شێوەی لەناکاو سەردانی بنکە ناوکیەکانی بکەن و ئێران پێیوایە بۆ دەستپێکردنی بەکردەوەی کارەکانی پێوەندیدار بە کێشەی ناوکییەکەی یەکساڵ کاتی پێویستە.


لەلایەکی دیکەوە لایەنەکانی بەرانبەری ئێران دەڵێن رەنگە لەماوەی ئەم یەکساڵەدا ئێران ببێت بە خاوەنی بۆمبی ناوکی.


لە کاتێکاد ئەمریکا لەبارەی دانووستە راستەوخۆکەی لەگەڵ ئیراندا خۆشبینە، رۆژنامەی کەیهانی ئێران، بڵاوی کردەوە ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی پێیوایە دانوستانی درێژی نێوان نوینەرانی ئێران و ئەمریکا کارێکی نابەچێ بووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئیران ئەم هەواڵەی رۆژنامەی کەیهانی بەدرۆ خستووەتەوە.

لایەنەکانی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن: ئەگەر ئێران ماوەی ساڵێک بۆ جێبەجێ کردنی بابەتە پەسەندکراوەکانی ئەم کۆبوونەوەی بخوازێت، ئەوانیش لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا گەرمارۆکانی سەر ئێران تونتدر دەکەن.

ئەمڕۆ، چوارشەممە، رۆژی دوهەم و کۆتایی دانووستانەکانی نێوان ئیران گروپی وڵاتانی پینج زێدە یەکە و دەرەنگانی رۆژی چوارشەممە ئاکامی ئەم کۆبوونەوانە دەردەکەوێت.

"
Top