توركیا ترسی لە هێزە ئیسلامییەكانی سووریا هەیە
كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات، توركیا مەترسی زۆری هەیە ئەو گرووپە چەكدارانەی، كە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوای هاوكاریی لێكردوون بۆ شەڕی دژی رژێمی ئەسەد، چالاكییەكانیان ببەنە نێو خاكی توركیا.
بەهۆی ئەو مەترسییانەش، كە لەلای توركیا دروستبوون، لە ئەگەری هەر هێرشێك، كە لە خاكی سووریا بكرێتە سەری چەند یەكەیەكی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەكانی سەر سنووری سووریا بڵاوكردوونەتەوە.
ئەو گرووپە توندڕەوانە كە بانگەشەی دامەزراندنی خەلافەتێكی ئیسلامی دەكەن لە عێراق و شام، لە چەند هەفتەی رابردوو دەستیان بەسەر ژمارەیەك شارۆچكە و ناوچەیەكی سەر سنووری سووریا لەگەڵ توركیا گرتووە.
كەناڵەكە بە گوێرەی شیكارییەكی ناوەندی ستارفۆری ئەمریكی، كە چاودێرە سیاسییەكانی كارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكان، رایانگەیاندووە، دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام سەدان چەكداری خۆی بە ئاراستەی خاكی توركیا ناردووە، لە بەرامبەر داخستنی خاڵە سنوورییەكان لەلایەن توركیاوە.
هەرچەندە سنووری نێوان توركیا و سووریا سنوورێكی زۆر درێژە و نزیكەی 900 كیلۆمەترە و كۆنترۆڵكردنی ئەستەمە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵی پەیامنێرانی ئاژانسەكان، توركیا دەستیكردووە بە دروستكردنی دیوارێك بە بەرزی دوو مەتر لەو سنوورە.
رووداو