سوپای توركیا47 بنكەی نوێی سەربازی لە ناوچەی هەكاری دادەمەزرێنێت

سوپای توركیا47 بنكەی نوێی سەربازی لە ناوچەی هەكاری دادەمەزرێنێت
9ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- هاوكات لەگەڵ بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دوای راگەیاندنی پاكێجی دیموكراسی توركیا، سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند كە لە ناوچەی هەكاری دەستی بە دامەزراندنی بنكەی نوێی سەربازی كردووە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یوكسەكئۆڤا بڵاویكردەوە كە بەرپرسانی سوپای توركیا رایانگەیاندووە كە لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی نوێدا بۆ باشتر كونترۆڵكردنی باوردۆخی ناوچەكە دەست بە دامەزراندنی 47 بنەكەی نوێی سەربازی لە ناوچەی هەكاری كردووە.

بە پێ لێدوانی بەرپرسانی سوپای توركیا ئەو 47 بنكەیە لە سەر سنوورەكانی نێوان باشوور، باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دادەمەزرێن.

لە لایەكی دیكەوە دانیشتوانی ناوچەكە ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەم پرۆژەیە دەربڕی گوتیان: لە لایەكەوە حكوومەت بانگەشەی بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەكات، لە لایەكی دیكەوە سوپا دەیەوێ وردە وردە لە سەرانسەری ناوچەكەدا بنەكە و قشڵەی سەربازی بكاتەوە و ئەو هەنگاوەیش لە دژی رۆحی قۆناغی چارەسەرییە.
Top