ئەحمەد داود ئۆغڵو وەڵامی بەشار ئەسەد دەداتەوە
بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆڵی توركی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا رایگەیاند، ئەو قسانەی ئەسەد لەبارەی توركیاوە دەیكاتلە راستیەوە دوورن، چونكە ئەو چەكی كیمیایی لە دژی گەلی سوریا بەكارهێناوە و ستەمی لە خەڵكەكەی كردووە.
جەختی لەوەیش كرد، ئەو بانگەشەیەی بەشار ئەسەد لە دژی توركیا دەیكات لە راستییەوە دوورە و ئەسەد مافی نییە رەخنە لە توركیا بگرێت. داود ئۆغڵو گوتی دەیان جار رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە بەشار ئەسەد كردووه، گوێ لە داواكاریی شەقام بگرێت و چاكسازی بكات، كەچی ئەو پەنای بۆ ستەم برد و چەكی كیمیایی بەكارهێنا.
هەروەها بە پێویستی زانی ئەسەد داوای لێبوردن لە گەلەكەی بكات و گوتی سەرۆكێك چەكی كیمیایی دژی گەلی خۆی بەكارهێنابێت و ئێستاش رەخنە لە توركیا بگرێت، ئەمە جێگەی دڵخۆشی نییە. ئەو پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی خۆی بكات.
لە بارەی پەنابەرانی لە سوریاش ئۆغڵو گوتی: ئەو بانگەشەیەی ئەسەد لە بارەی پەنابەره سورییهکان لە توركیا دەیكات، بەدڵنیاییەوە لە راستییەوە دوورن، فەرموون با هەر یهکێک دەیەوێت پرسیار لە پەنابەرەكان بكات، ئەوان لە توركیا دڵخۆشن.
لە كۆتاییدا وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی ئیتر گرنگی بە قسەی بەشار ئەسەد نادەین، هیوادارین ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا بەرقەرار بێت، توركیا بە ھەموو توانای خۆی یارمەتی سوریا دەدات بۆ ئەوەی دیموكراسی و ئاشتی لە ناوچەكە بچەسپن.
ئەسەد لە چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی هاڵكی توركیدا رەخنەی لە حكوومەتی توركیا گرت و بە داڵدەدانی تیرۆریستان تۆمەتباری كرد و رایگەیاند توركیا بەقورسی باجی ئەو كارەی دەدات.