ئەردۆغان: رێگای چەک و توندوتێژی مومکین نییە و تاقە چارەسەری لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییدا دەبێت

ئەردۆغان: رێگای چەک و توندوتێژی مومکین نییە و تاقە چارەسەری لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییدا دەبێت
٣٠ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، ڕایگەیاند، تاوەكو زمانی سیاسی و گفتوگۆ هەبن، بە‌و زمانە بەرەوڕووی كێشەكان دەچن. گوتیشی كە جارێكی دیكە توركیا ناگەڕێتەوە دواوە و بەردەوام دەبن لە پیادەكردنی دیموكراسییەت.
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە رەجەب تەییب ئەردۆغان ناوەڕۆكی پاكێجەكەی بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد ‌و گوتی \"ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ توركیا، ئەم پاکێجە دوایین ھەنگاومان نابێ و بەردەوام دەبین لە دیموکراتیزەکردن و بەھێزترکردنی تورکیا. ئەم پاکێجە دەبێتە ھۆکاری رزگارکردنی تورکیا لە ھەر بەربەست و ئاستەنگێک و ئەو رێفۆرمانەی کە ئەمڕۆ دەست پێدەکەن دەبنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە تورکیا و بەردەوام دەبن.\""
ئەردۆغان زیاتر گوتی: \""لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو سەرەڕای ھەر ھەمووی ئاستەنگییەکان و سیاسەتی بێ چارەسەری و ھەڵوێستی ئەو پارت و لایەنانەی کە وشەکانی وەکو مافی مرۆڤ و ئازادیی و چارەسەرییان کردبوو بنیشکی دەمی خۆیان، ئێمە توانیومان خۆمان لە سیاسەتی بێ چارەسەری رزگار بکەین و دەست بە رێفۆرمی پێویست بکەین و زەمینەی دووبارە کردنەوەی کوودەتا سەربازییەکان لە ناو بەرین.\""
جەختیشی كردەوە \""تورکیا بە جۆرێک بەرەو پێشەوە دەچێ کە چیی دیکە کەس ناتوانێت بەرەو دواوە بیگەڕێنێتەوە و داواکاریی ماف و ئازادییەکانیش لە رێگا نایاساییەکانەوە نا، بەڵکو لە رێگای سیاسەتی رێگەپێدراوەوە ئاراستە دەکرن.\""
جارێكی دی جەختی كردەوە \""لە شوێنێک کە چەک قسە بکات و کار بە چەک بکرێت، بیروڕا کاری پێ ناکرێ و چارەسەری کێشەکانیش بە رێگای چەک و توندوتێژی مومکین نییە و تاقە چارەسەری لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییدا دەبێت.\""
سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایشی گەیاند \""چیی دیکە لە تورکیا سیاسەت و ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتە کە داواکارییەکانی ھاووڵاتییانی خۆی رەت بکاتەوە، باوی نەماوە و دەوڵەت بۆ خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ھاووڵاتییان کار دەکات.\""
باوەڕیشی وا بوو كە کۆسپی ھەرە گرنگی بەردەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا کودەتای سەربازی ٢٧ی گولانی ١٩٦٠ـە و \""عەقڵیەتی کوودەتا ھێشتاکە لە تورکیا بەردەوامە.\"" زیاتر گوتی \""لە کاتی ھەر چاکسازییەکدا ئەو عەقڵیەتەی کوودەتا گەلی تورکیای دەترساند و باسی پارچەکردنی تورکیای دەکرد.\""
دڵنیاییشی دا \""بە ھیچ شێوەیەک ئێمە رێگا بەو عەقڵیەتە نادەین کاریگەری لە سەر تورکیا هەبێت. ئۆپۆزسیونی تورکیا دەیەوێ عەقڵیەتی کوودەتا خۆی رزگار بکات، کەچی تا ئێستە عەقڵیەتی کوودەتا لە نێو ئۆپۆزسیوندا بەردەوامە و ئەمەیش شەرمەزارییە بۆ سیاسەتمەدارانی تورکیا.\"""
Top