باراك ئۆباما و حەسەن رۆحانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیان تاوتوێكرد

باراك ئۆباما و حەسەن رۆحانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیان تاوتوێكرد
28ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و ئێران لە كۆتایی سەردانەكەی حەسەن رۆحانی بۆ نیویۆرك بە تەلەفۆن گفتوگۆیان كرد و حەسەن رۆحانیش رایگەیاند كە شێوەی قسەكردنی ئۆباما گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.

به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسه‌ جیهانییه‌کان باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا ئەم گفتوگۆیەی بە مێژوویی وەسفكرد. بە گوێرەی لێدوانی ئۆباما دوای گفتوگۆی لە گەڵ سەرۆكی ئێران گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە ئەمەریكا و ئێران دەتوانن بۆ كۆتایی هێنان بە گفتوگۆكانی ئەتۆمی بگەنە رێككەوتن. هەروەها سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند كە رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران كارێكی ئاسان نییە؛ بەڵام دوای گرتنەدەستی دەسەلات لەلایەن حەسەن رۆحانییەوە دەرفەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هاتۆتە ئاراوە. لەلایەن خۆیەوە حەسەن رۆحانی لە توڕی تویتەر بڵاویكردۆتەوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە ئۆباما رایگەیاندووە كە دوور لە سیاسەت دەتوانرێت بە خێرا ناكۆكییەكانی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران چارەسەر بكرێن. ئەمە بە یەكەمین پەیوەندی تەلەفۆنیی هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و ئێران هەژمار دەكرێت دوای سێ دەیەی رابردوو.
Top