کۆمکاری عه‌ره‌بی داوا دەکات، چەکە کیمیاییەکانی سوریا بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش

کۆمکاری عه‌ره‌بی داوا دەکات، چەکە کیمیاییەکانی سوریا بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش
12ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- کۆمکاری عه‌ره‌بی داوا دەکات، چەکە کیمیاییەکانی سوریا بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. کۆمکاری عەرەبی، پاش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی نێردەکان لە بنکەی سەرەکی خۆی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، لە راگەیەندراوێکی نووسراودا، داوای کرد جۆر و بڕی چەکە کیمیاییەکانی سوریا دەستنیشان بکرێن و بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە کە بۆ راگرتنی ئەو خوێنەی لە سوریا دەڕژێ، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی دیموکرات، پێویستە بە زووترین کات دەست بە دانوستاندن بکرێ. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێویستە بکەری ئەو کۆمەڵکوژییەی لە ناوچەی گوتا لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە، لە دادگای سزای نێودەوڵەتی سزا بدرێ.یەکێتی وڵاتانی عەرەبی لە راگەیەنراوەکەدا، پشتگیری لە پێشنیاری روسیا دەکات، سەبارەت بە واڵاکردنی دەرگا لەبەردەم چاودێری کردنی نێودەوڵەتی لەسەر چەکە کیمیاییەکانی سوریا.
Top