حەسیب قاپڵان: پێویستە حكوومەت ناوەڕۆكی پاكێجی دیموكراتیزاسیون ئاشكرا بكات

حەسیب قاپڵان: پێویستە حكوومەت ناوەڕۆكی پاكێجی دیموكراتیزاسیون ئاشكرا بكات
10ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی توركیا باسی ئامادە كردنی پاكێجێكی نوێ دیموكراتیزاسیونی توركیا دەكات و بریار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەدا ناوەڕۆكی ئەم پاكێجە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت بەڵام تا ئەمرۆ حكوومەت ناوەڕۆكی ئەم پاكێجەی ئاشكرا نەكردووە.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری بەدەپە حەسیب قاپڵان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی زاپ خەبەر رایگەیاندووە كە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردەوە حكوومەت باسی ئامادە كردنی پاكێجی دیموكراتیزاسیونی كردووە و بریاربوو لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەڕۆكی ئەو پاكێجە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات بەڵام كەچی تا ئەمرۆ ناوەڕۆكی ئەو پاكێجە ئاشكرا نەكراوە.

حەسیب قاپڵان ئاماژەی بەوە داوە كە حكوومەت هەر چەند قۆناغی چارەسەری دەستپێكردووە بەڵام هەڵسوكەوت و هەنگاوەكانی حكوومەت ئەوە دەسەلمێنن كە حكوومەت لە چارەسەر كردنی پرسی كورددا سەمیمی نییە و نایەوێ ئەو پرسە چارەسەر بكات.

قاپڵان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا گوتوویەتی: ئەگەر حكوومەت بە راستی هەوڵی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دابا ئەوا ئەمرۆ كەجەكە پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكانی خۆی رانەدەگرت، بەڵام بە هۆی كەمتەرەخەمی حكوومەتەوە كەجەكە ناچار بووە كە ئەم پرۆسەیە رابگرێت.
Top