ئەمریكا و چین پەیوەندییە سەربازییەكانیان رێكدەخەنەوە
ئەمە چواردەهەمین كۆبوونەوەی سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان ئەو وڵاتانە. لەم بارەیەوە جەیمس میلەر، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و سەرۆكی تیمی ئەمریكا بۆ راوێژكردن لەگەڵ چین گوتی: \"پێكهێنانی پەیوەندییەكی سەربازیی بەردەوام و بابەتییانە، هۆكاری سەرەكی هەوڵەكانی ئێمەیە بۆ بونیادنانی پەیوەندییەكی وەها كە دووركەوینەوە لە بۆسەی ئەو ناكۆكییە مێژووییەی لە نێوان هەردوولادا هەبووە و كۆتایی بە ململانێی هێزەكانمان بهێنین\"".
ئەو پەیوەندییە سەربازییە گرژەی لەنێوان ئەمریكا و چین درووستبووە، كە هەندێ جار وەك شەڕێكی سارد دەردەكەوێت، بووەتە مایەی نیگەرانی هەردوولا و ئێستا ئەمریكا و چین دەیانەوێت لە رێگەی دانووستاناكانەوە كۆتایی بەم ئاڵۆزی و بێمتمانەییە بهێنن، كە لە نێوانیاندا دروست بووە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەم گرژییە لە ئەنجامی كەمیی متمانەی ئەمریكا بەرامبەر چین درووست بووە، چونكە ئەمریكا پێیوایە بەهێزبوونی هێزی سووپای چینی و هەوڵدانی ئەو وڵاتە بۆ پێشخستنی هێزەكانیان بە شێوەیەكی مۆدێرن ئاماژەیەكە بۆ ململانێكردنی توانای سەربازی ئەمریكا لە جیهاندا.
رووداو"