لاڤرۆڤ، پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ رژێمی سووریا دووپاتكردەوە

 لاڤرۆڤ، پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ رژێمی سووریا دووپاتكردەوە
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوی رووسیا، كە لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا سازكرا، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوی سووریا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە پێناو بەرگریكردن لە هاونیشتیمانییەكانی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رووسیادا دەكات.

موعەلیم دووپاتیكردەوە، هاوكارییەكانی سووریا لەگەڵ رووسیا بەردەوامە بۆ پێشنیازكردنی چارەسەری دیبلۆماسی كێشەی سووریا و رێگەگرتن لە هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتەكەی.

لای خۆشیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی سووریا نیشاندا و رایگەیاند \"بەردەوامین لەسەر گفتوگۆ و پەیوەندیكردن بە زۆربەی سەركردەكانی وڵاتە جیاوازەكان بۆ تا‌ووتوێكردنی كێشەكە\"".

لاڤرۆڤ ئەوەشی راگەیاند، كە لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانیاندا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە هێشتا رێگای دیبلۆماسی لەبەردەمیاندایە بۆ رێگەگرتن لە سیناریۆی جەنگ.

لاڤرۆڤ و موعەلیم هاوڕابوون لەسەر ئەوەی \""حكومەتی سووریا بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە پێشوازی لەهەر دانیشتنێكی دیبلۆماسی بكات و ئامادەشە بە بێ هیچ مەرجێكی پێشوەخت بەشداری كۆنگرەی دووەمی جنێف بكات\"".

هەر لەو كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا موعەلیم هۆشداری دایە ئەمریكا \""ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، جگە لەوەی قوربانیانی یەكەمی جەنگ ژن و منداڵ دەبن دواتر شەڕی نێوخۆشی لێدەكەوێتەوە\"". موعەلیم گوتیشی \""پێویستە ئەمریكییەكان ئەوەیان بیر نەچێت كە لە عێراق روویدا، ئێمە داوا لە گەلی ئەمریكا دەكەین هۆشیار بن و رێگە لەم هێرشانە بگرن\"".

لەلایەكی دیكەشەوە رووسیا و سووریا داوایان لە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لە كاتێكی نزیكدا سەردانی سووریا بكەنەوە بۆ تەواوكردنی كارەكانیان. سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاییش لە سووریا موعەلیم هێزە چەكدارەكانی سوپای ئازادی سووریای تۆمەتباركرد و گووتی \""بەڵگەی ئاشكرا هەیە دەریدەخەن كە ئەو چەكدارانە لە چەند شوێنێكی جیاواز ئەو چەكانەیان بەكارهێناوە\"".




رووداو "
Top