وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ مالیکی کۆبووەوە

 وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ مالیکی کۆبووەوە
لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە عێراق و لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسەکان، بڕیاروایە لەو کۆبوونەوەیەدا پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاووتوێبکرێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو سەفەرەی بۆ بەغدا، بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە خوزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی پەرلەمان و هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوە کۆببێتەوە و جاوەڕواندەکرێت پرسی لێدانی سووریا باسی سەرەکی کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران بێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی.

دوێنێ سەردانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ عێراق ئاشكراكرا، كە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ئەگەری لێدانی سووریا سەردانی بەغدا دەكات.

رۆژی چوارشەممەی4-9-2013 عێراق لەلایەن خۆیەوە لەدەستپێشخەرییەكدا، داوای لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان كرد، كە پەلەنەكەن لە وەرگرتنی بڕیاری لێدانی سووریا، بەڵكو رێگەی ئاشتیانە بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەم تەنگژەیە.

ئێران و عێراق هاوشانی رووسیا و چین، پشتگیری رژێمی سووریا دەکەن و دژی هەر جۆرە گورز وەشاندنێکن لەو رژێمە، کە ئێستا ئەمریکا هەوڵدەدات پشتگیری نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێ بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی دیاریکراو لە رژێمی سووریا، بەهۆی ئەوەی \"رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە\"" دژی هاووڵاتیانی خۆی.










رووداو "
Top