ئەردۆغان دەبێتە سەرۆك کۆماری توركیا
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حاكمیەت بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا و وتەبێژی حكوومەتی ئەو وڵاتە بولەنت ئارنج رایگەیاندووە كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنە هەرێمییەكان ئامادەكاری پێویستیان كردووە و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەیش دەبێتە هۆكاری سەرسوڕمانی هەموو كەسێک.
بولەنت ئارنج ئاماژەی بەوە كردووە كە هەڵبژاردنەكانی سەرۆک كۆماری توركیایش هەڵبژاردنی زۆر حەساس و گرنگن و پێشتر سەرۆک كۆمار لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرا، بەڵام ئەمجارە سەرۆک كۆمار راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت و پالێوراوی ئاكەپە بۆ پۆستی سەرۆک كۆماری سەرۆكی ئاكەپە رەجەب تەیب ئەردۆغانە و عەبدوڵلا گولیش لەمبارەیەوە رەزامەندی خۆی نیشان داوە.