عەلی ئاڵكان: توركیا پێویستی بە دەستوورێكی نوێ هەیە
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی دادگای باڵای توركیا عەلی ئاڵكان لە رێوەڕەسمی دەست پێكردنی ساڵی نوێ دادوەری لە توركیا وتەیەكی پێشكەش كردووە رایگەیاندووە كە ئەمرۆ یەكێك لە پەیداویستییە سەرەكییەكانی توركیا دەستوورێكی نوێ و دیموكراتیكە.
عەلی ئاڵكان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ دیموكراتیزە كردنی سیستەمی توركیا و بەهێزتر كردنی دیموكراسیەتی توركیا پێویستی بە دەستوورێكی نوێ هەیە و پێویستە ئەو دەستوورە نوێیە ماف و ئازادییەكان بە بنەما وەربگرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە دەستووری نوێ بە پێكهاتن و رێككەوتنی هەر هەمووی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی توركیا ئامادە بكرێت و پێویستە پیوانە جیهانییەكان لە نێو ئەم دەستوورەدا رەچاو بكرن.