ئەردوغان: بۆ بەرێوەبردنی قۆناغی چارەسەری هەنگاوی گرنگ دەنین
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بلاویكردەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە میانەی مەراسمی ناساندنی شاری سێرتدا لە ئەستەنبۆڵ گوتارێكی پێشكەش كردووە و رایگەیاندووە كە پێویستە بە پەلە چارەسەرییەك بۆ بارودۆخی سووریا بدۆزرێتەوە و رژیمی ئەسەد لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دوور بخرێتەوە و پێویستە كۆمەڵگەی جیهانی مودێلێكی دەستوەردانی سەربازی وەكو مودێلی بۆسنا و هەرسەك لە بەرامبەر رژیمی بەشار ئەسەد بەكار بهێنێت.
سەرۆك وەزیری توركیا لە بەشێكی دیكەی گۆتارەكەی خۆیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە و حكوومەتی توركیایش بۆ سەر خستنی ئەو قۆناغی دەستی بە جێبەجێ كردنی هەنگاوی زۆر گرنگ و هەستیار كردووە.
ئەردوغان جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە حكوومەتی توركیا لە چوارچێوەی ئامانجەكانی خۆی بۆ ساڵی 2023دا هەوڵ بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا دەدات.