ماندێلا لە نەخۆشخانە دەرنەچووە

 ماندێلا لە نەخۆشخانە دەرنەچووە
گوتەبێژی سەرۆكایەتی وڵاتی ئەفریقای باشوور ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە دەرچوونی نیڵسۆن ماندێلا لە نەخۆشخانە دەكەن.

چەند كەناڵێكی راگەیاندن باس لە دەرچوونی نیڵسۆن ماندێلا لە نەخۆشخانە و گەڕانەوەی بەشێوەیەكی لەناكاو بۆ ماڵەكەی خۆی لە جۆهانسبێرگ دەكەن، بەڵام ماك ماهاراج، گوتەبێژی سەرۆكایەتی ئەفریقای باشوور، هەواڵی دەرچوونی ماندێلای لە نەخۆشخانە بە \"ناڕاست\"" لەقەڵەم دا‌و گوتی \""تاوەكو ئێستا ماندێلا لە نەخۆشخانەیە و لە بارێكی تەندروستی مەترسیداردایە، بەڵام بە جێگیری ماوەتەوە\"".

ماندێلا كە ئێستا تەمەنی 95 ساڵە بەهۆی هەوكردنی سییەكانی لە 8ی حوزەیرانی رابردوو لە نەخۆشخانەیە.

هەفتەی رابردووش پزیشكەكان باری تەندروستی ماندێلایان بە مەترسیدار و جێگیر وەسفكرد. تاوەكو ئێستاش هیچ زانیاریی دیكە لەسەر تەندروستی ماندێلا نەدراوە.

پزیشكەكان وای بۆ دەچن كە نەخۆشییەكەی ماندێلا بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە لە لەلایەن دەسەڵاتە رەگەزپەرستەكەی ئەو كات بەندكرابوو.









رووداو "
Top