ده‌یان به‌ندكراوی‌ ئیخوان كوژران

ده‌یان به‌ندكراوی‌ ئیخوان كوژران
زیاتر له‌ 30 به‌ندكراوی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری‌ ئیخوان، له‌ كاتی‌ گواستنه‌وه‌یان بۆ زیندانێكی‌ نزیك پایته‌ختی‌ میسر، كوژران.

به‌پێی‌ لێدوانی‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ میسر، 36 به‌ندكراوی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری‌ ئیخوان موسلیمین، له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ 612 تۆمه‌تبار بۆ زیندانی‌ ئه‌بو زه‌عبه‌ل له‌ باكووری‌ قاهیره‌ی‌ پایته‌خت، كوژراون.

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ میسر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ندكراوه‌كان له‌ هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازبوون، پاسه‌وانێكیان به‌ دیل گرتووه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌، گازی‌ فرمێسكڕێژیان لێداوه‌ و 36 به‌ندكراو به‌هۆی‌ هه‌ڵمژینی‌ گازه‌كه‌وه‌ كوژراون.

ئه‌مه‌ له‌حاڵێكدایه‌ كه‌ پێشتر، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ دیكه‌دا رایگه‌یاندبوو چه‌كدارانی‌ نه‌ناسراو هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر كاروانی‌ به‌ندكراوه‌كان و ئه‌و زیندانیانه‌ به‌هۆی‌ ئه‌م هێرشه‌وه‌ كوژراون.

هاوكات ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ زمانی‌ به‌رپرسێكی‌ دادگاوه‌ رایگه‌یاندووه‌ ئه‌و لایه‌نگرانه‌ی‌ ئیخوان موسلیمین، له‌ ناو ئوتومبێلێكی‌ پۆلیسدا و به‌هۆی‌ زۆریی‌ ژماره‌یان، خنكاون.
Top