هێزه‌كانی رژێمی سوریا به‌ تۆپی قورس گه‌ڕه‌كه‌ ڕزگاركراوه‌كانی شارى دیر الزوریان بۆردومان كرد

 هێزه‌كانی رژێمی سوریا به‌ تۆپی قورس گه‌ڕه‌كه‌ ڕزگاركراوه‌كانی شارى دیر الزوریان بۆردومان كرد
چالاكوانانی مافی مرۆڤ له‌ سووریا رایانگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی رژێم به‌ تۆپی قورس و مووشه‌كهاوێژ گه‌ڕه‌كه‌ ڕزگاركراوه‌كانی شارى دیر الزوریان بۆردومان كردو له‌ ئاكامی ئه‌و بۆردومانانه‌وه‌ چه‌ند ته‌لارو خانووبه‌ره‌یه‌ك ئاگریان تێبه‌ربوو، روونیشیان كرده‌وه‌ كه‌ بۆردومان كردنه‌كه‌ زۆرتر به‌ر گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌زى و حه‌ویقه‌ كه‌وت، له‌ شارۆچه‌ى مه‌لیحه‌یش له‌ ریف دیمه‌شق شه‌ڕو پێكدادانی توند له‌ نێوان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هێزه‌كانی رژێمدا ده‌ستی پێ كرده‌وه‌و هێزه‌كانی رژێم ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌كه‌یان بۆردومان كرد.

هاوكات له‌ گه‌ڕه‌كى ده‌رعال مه‌حه‌ته‌ له‌ شارى ده‌رعا شه‌ڕوپێكددانی توند له‌ نێوان هه‌ردوو لادا به‌رپابوو، له‌ پارێزگه‌ى حه‌له‌بیش هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پاش شه‌ڕو پێكدادانێكی توند له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی رژێمدا گوندى دوێراتیان به‌ ته‌واوه‌تى كۆنترۆڵ كرد له‌ كاتێكدا هێزه‌كانی رژێم گه‌ڕه‌كی سه‌یفول ده‌وله‌و جه‌میله‌یان له‌ شارى حه‌له‌ب به‌ر تۆپى قورس دا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی رژێم به‌ به‌رمیلی پڕ تی ئێن تی چه‌ند گوندێكیان له‌ پارێزگه‌ى حه‌ما بۆردومان كردو شه‌ڕو پێكدادانی توندیش له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕٍكه‌ردا رووی دا، له‌ دیمه‌شقیش هێزه‌كانی رژێم به‌ مووشه‌ك ئۆردوگه‌ى یه‌رمه‌ووك و گوله‌ هاوه‌ن گه‌ڕه‌كى به‌رزه‌یان بۆردومان كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گوته‌بێژێك به‌ ناوى سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند گوله‌ هاوه‌نێك له‌ناو خاكى سووریاوه‌ ئاراسته‌ى به‌رزاییه‌كانی جۆلان كراو سه‌ربازه‌كانی ئیسرائیلیش وه‌ڵامی ئه‌و گوله‌ هاونانه‌یان دایه‌وه‌و ئه‌و شوێنه‌یان بۆردومان كرد كه‌ گوله‌ هاوه‌نه‌كانیان لێوه‌ ئاراسته‌ كرابوو، رادیۆى ئیسرائیل له‌و باره‌وه‌ بڵاوى كرده‌وه‌ كه‌ بۆردومانه‌كه‌ى ئیسرائیل بوو به‌ هۆى خاپووركردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سووریا.







KTV
Top