ئه‌ردۆگان: هیچ لێبوردنێكی گشتی بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ نییه‌

ئه‌ردۆگان: هیچ لێبوردنێكی گشتی بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ نییه‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان هه‌موو جۆره‌ لێبوردنێكی بۆ چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌دوور زانی، وتیشی، به‌پێی رێككه‌وتن بڕیار بوو توركیا به‌جێبهێڵن به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كه‌یان نه‌بوون ته‌نیا له‌سه‌دا بیستیان چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.



ئاژانسه‌كانی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌ردۆگان رایگه‌یاند، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان دابووی، بۆ ئه‌وه‌ی خاكی توركیا به‌ جێبێڵێت، جێبه‌جێی نه‌كردوه‌، ته‌نیا 20% ی چه‌كداران له‌ توركیا چوونه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵن.



ئه‌ردۆگان وتیشی: یه‌كێك له‌ داواكاری كورده‌كان ئه‌وه‌یه‌ زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌ گشتی و تایبه‌تییه‌كان بخوێنرێت، له‌ ئیستادا ئه‌و داوایه‌ له‌ به‌رنامه‌ی كارمان دا نییه‌.



روونیكرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێبوردنی گشتی بۆ چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ به‌رنامه‌ی كارمان دانییه‌.



به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان حكومه‌تی توركیا و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان به‌ڕێوه‌چوو، پارتی كرێكاران له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵه‌وه‌ شه‌ڕیان راگرت و بڕیار بوو له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو خاكی توركیا به‌جێبێڵن له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت پابه‌ندی خۆی ده‌ربڕی تا مانگی ئه‌یلول چاكسازی بكات و مافه‌كانی كورد دابین بكات.
Top