تەقینەوەیەك لوبنان خوێناوی دەكات
ئاژانسی هەواڵی نەتەوەیی فەرمی لوبنان راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 15/8/2013 \" ئۆتۆمبێلێك لەناوچەی رەوەیس تەقییەوە و جیا لەزیانە گیانییەكان زیانێكی زۆری ماددیشی بەناوچەكە گەیاندووە\"".
ناوچەی رەوەیس بەناوچەیەكی ژێردەستی حیزبوڵڵا هەژماردەكرێت و چەندین بارەگای ئەو گرووپە لەو ناوچەیەداهەن.
ئاژانسەكە دەڵێت \"" بەهۆی تەقینەوەكە 14 كەس كوژراون و 212 كەسی دیكەش برینداربوون\"".
لەماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دووەم جارە باشووری بەیروت دەكرێتە ئامانجی تەقینەوەكان .
مانگی رابردووش ئۆتۆمبێلێكی دیكە لەو ناوچەیەدا تەقیەوە و بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 50 كەس.
گرووپەكانی دژی رژێمی سووریا هەڕەشەیان لە حیزبولڵا كردووە و داوایانكردووە دەستێوەردان لە كاروباری سووریادا نەكات.
تەقینەوەكانی ئەم دوواییانە ترسی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان شیعە و سوننەیان زیادكردووە، ناكۆكییەكان لە نێوان ئەم دوو مەزهەبە بەشێوەیەكی بەرچاو روولەزیادبوونە، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەكدارانی حیزبوڵڵا روویان لە سووریاكرد بۆ هاوكاریكردنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی ئێستای سووریا.
سوننەكانی لوبنان دژی رژێمی بەشار ئەسەدن دەیانەوێت لە دەسەڵات نەمێنێت و شیعەكانیش پشتگیری لێدەكەن.
رووداو"