ئارنج: حكوومەت رێز لە جیاوازییەكان دەگرێت

ئارنج: حكوومەت رێز لە جیاوازییەكان دەگرێت
5 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- رۆژی سێ شەممە هەر یەك لە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا و پەرلەمانتاری بەدەپەی شاری ئەستەنبۆڵ بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی توركیا كۆبوونەوە.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردۆتەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا دوای كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ سەرۆك كۆماری توركیا، لە گەڵ پەرلەمانتاری بەدەپە سرری سۆرەیا ئۆندەریشدا كۆبووەتەوە و باسیان لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی توركیا كردووە. ئارنج لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەوەی كردووە كە خۆپیشاندان مافی هەر كەسە و حكوومەتی توركیایش رێز لە جیاوازییەكانی كۆمەڵگە دەگرێت.

جێگری سەرۆك وەزیری توركیا داوای لە خەڵكی توركیا كردووە كە ئارام بێت و بەشداری لە خۆپیشاندانەكان نەكات و سوپاسی بەدەپەیشی كردووە كە نەیهێشتووە ئەندامان و لایەنگرانی بەشداری لە خۆپیشاندانەكان بكەن.

بولەنت ئارنج هەروەها دەستخۆشیشی لە سەرۆكی مەهەپە و جەهەپە كردووە كە داوایان لە لایەنگران و ئەندامانی خۆیان كردووە كە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن.
Top