توركیا داوای لێبوردن له‌ خۆپێشانده‌ران ده‌كات

 توركیا داوای لێبوردن له‌ خۆپێشانده‌ران ده‌كات
5 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- حكوومه‌تی توركیا داوای لێبووردنی به‌ ڕه‌سمی له‌ خۆپێشانده‌ران كرد له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك له‌ به‌كارهێنانی هێز له‌ به‌رانبه‌ریان كرابێت.

جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا (بوله‌ند ئارینچ) له‌ لێدوانێكیدا ڕایگه‌یاند توركیا وڵاتی هه‌موومانه‌ و چاره‌نووسی هه‌موومانه‌، بۆیه‌ داوای لێبووردن له‌ هه‌ر خۆپیشانده‌رێك ده‌كه‌ین كه‌ زیاد له‌ پێویست هێزی به‌رانبه‌ر به‌كارهێنرابێت له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌.

هه‌روه‌ك گوتیشی پۆلیس له‌ خه‌می كه‌شوهه‌وار و ئاساییشی وڵاتدان بۆیه‌ پێده‌چێت كاردانه‌وه‌یان له‌ سه‌ره‌تادا توند بووبێت.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ چ پۆلیس و چ خۆپێشانده‌ر، ئه‌وه‌ی مافی كه‌سێكی دیكه‌ی پێشێل كردبێت به‌پێی یاسا سزای خۆی وه‌رده‌گرێت.

جیگه‌ی باسه‌ خۆپێشاندانه‌كانی توركیا له‌ گۆڕه‌پانی \"ته‌قسیم\"" له‌ ئیستانبوڵه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، پێی ناوه‌ته‌ ڕۆژی چواره‌مه‌ و به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

پێشتریش وه‌زیری دادی توركیا ئاشكرای كردبوو كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س به‌هۆی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون.

میدیاكانی توركیایش هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی یه‌كه‌مین خۆپێشانده‌ریان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌."
Top