كۆریای باكور داوایه‌كی مه‌ترسیداری هه‌یه‌

كۆریای باكور داوایه‌كی مه‌ترسیداری هه‌یه‌
6ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- كۆریای باكوور داوای لە وڵاتانی رۆژئاوایی كرد كە باڵیۆزخانه‌و كۆنسوڵگەرییەكانی خۆیان لە پیونكیانگ چۆڵ بكەن، چونكە بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە پیونگیانگ ناتوانێت ئاسایشی ئەو شوێنانە دابینبكات هەر بۆیە باشتروایە كە ئەو وڵاتانە دبیلۆمات‌و كارمەندانی باڵیۆزخانه‌كانیان بانگهێشتی وڵاتەكانیان بكەنەوە.

هاوكاتیش وەزارەتی دەرەوەی روسیاو بەریتانیا، رایانگەیاند: هۆشداری دراوتە باڵیۆزخانه‌كانی ئەو وڵاتانە، ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، بەنیازی ئەوە نییە باڵیۆزخانه‌ی خۆی لە پیونگیانگ دابخات‌و دیبلۆماتكارانی خۆی بانگهێشتی لەندەن ناكاتەوە.

لای خۆشیەوە سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، رایگەیاند: وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپی سەرقاڵی راوێژو دانوستانە بۆ ئەوەی كە چۆن لەگەڵ كۆریای باكوور هەڵسوكەوت بكرێت.

بەرپرسانی كۆریای باكوور داوایان لە هەموو باڵیۆزخانه‌و نوێنەری وڵاتانی رۆژئاوایی‌و تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە كە تا 10 ی نیسان خاكی ئەو وڵاتە چۆڵ بكەن ئەگەر بێت‌و تا ئەوكاتە خاكی ئەو وڵاتە بەجێنەهێڵن ئەوە پیونگیانگ ئاسایشی ئەوان دابین ناكات.

پاش ئەوەی كە ئەنجومەنی ئاسایش بایكۆتەكانی سەر كۆریای باكووری قورستر كرد، پیونگیانگ هەڕەشەی سەربازی لە ئەمریكاو كۆریای باشوورو ژاپۆن كردو، رایگەیاند: بە موشكی ئەتۆمی هێرشدەكاتە سەرئەمریكاو، هاوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند: \"هەڕەشەكانی كۆریای باكوور بەجدی وەردەگرێت\"".

وەزیری بەرگری كۆریای باشووریش، رایگەیاند: سەربارەت بە جێگوڕكێی موشەكەكانی كۆریای باكوور هیچ زانیارییەك لەبەردەستدا نییە، بەڵام دڵنیایە كە موشەكەكانی پیونگیانگ هێندە دوورهاوێژ نین كە مەترسی بن لەسەر خاكی ئەمریكا.

وەزیری بەرگری كۆریای باشوور ئەوەشی خستەڕوو كە كۆریای باكوور موشەكی \""موسودان\"" ی هەیە كە دەوانێت 3000 هەزار كیلۆمەتر ببڕێت‌و، توانای ئەوەی هەیە كە هێرش بكاتەسەر كۆریای باشوورو ژاپۆن‌و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

لای خۆشییەوە بان كی مون سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هەڕەشەكانی كۆریای باكوور دەبڕی‌و، كۆشكی سپیش، رایگەیاند: پێدەچێت بەمنزیكانە كۆریای باكوور چەند تاقیكردنەوەیەكی ئەتۆمی ئەنجام بدات."
Top