پسپۆڕێكی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: سێ جار (ئەسەد)م بینیوە، تێگەیشتم ئەوان خۆیان بەدەوڵەتی سووریا دەزانن بۆیە دەستبەرداری دەسەڵات نابن

پسپۆڕێكی مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: سێ جار (ئەسەد)م بینیوە، تێگەیشتم ئەوان خۆیان بەدەوڵەتی سووریا دەزانن بۆیە دەستبەرداری دەسەڵات نابن
1ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- كێنس ستەین، پرۆفیسۆری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی ئیمرۆی لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گوڵان گوتی: ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك كانوونی یەكەمی 2011 نییە. گەلانی عەرەب تەحەددای حكومڕانە خۆسەپێنەكانیان كرد، هەندێكیان دەستیان لە دەسەڵات هەڵگرت، ئەوانی دیكە زیندانیكران، هەندێكیان مردن، و هەندێكیان هەمواركردنیان لە حكومڕانییەكەیاندا ئەنجامدا بۆ ئەوەی خەڵكانێكی زیاتر بەشداری پێبكەن، بەڵام هێشتا كەسانێكی دیكە هەن، وەك بەشار ئەسەد، كە سەرسەختانە تین و تەوژمی گۆڕانكاری رەتدەكەنەوە. لەم ناوچە پڕ لە گێژەنەدا، ئەمریكا بە دوای پایەیەكی جێگیردا دەگەڕێت، لەبەر ئەوە هەڵسا بە میانگیریكردن بۆ چاككردنەوەی پەیوەندیەكانی توركیا و ئیسرائیل. تەنیا پشێوی و شڵەژانی سووریا لە ئارادانییە، بەڵكو كێشەی ئێرانیش لە گەورەبووندایە و میسریش بە دوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت. ئەم دۆخە نادیارانە نیگەرانییەكی بێكۆتایی بۆ وڵاتانی كەنداو دروست دەكات.

كێنس ستەین گوتیشی: ئایا دەكرێت چەند خوێناویتر دەبێت؟ ژمارەی ئەو سووریانەی لە ماوەی دوو ساڵدا بەدەستی رژێمەكەی ئەسەد كوژراون، زیاتر لە سەرجەم ئەو ئیسرائیلی و عەرەبانەی لە شەڕەكانی نێوانیاندا كوژراون كە لە دوای ساڵی 1947ـەوە روویانداوە! من سێ جار چاوم بە حافز ئەسەد كەوت، و بۆم دەركەوت، كە خێزانەكەی و رژێمەكەی باوەڕیان وایە ئەوان سووریان. كەواتە بە ئاسانی دەستبەردار نابن و ئەوە فێربووین كە ئەوان تا دوا سنور دەڕۆن بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی خۆیان. ئەگەر چەكی كیمیای دژی شۆڕشگێڕان بەكاربهێنرێت، ئەوا پێموایە دەستێوەردانێكی دەرەكی گەورە دەكرێت بۆ رووخاندنی رژێمەكەی، ئەمە هێڵی سوورە.


كێنس ستەین، پرۆفیسۆری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی ئیمرۆی. چەندین كتێب و وتاری هەیە لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ، سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ناوچەكە، و رەگ و ریشە و پەرەسەندنەكانی ناكۆكی عەرەب-ئیسرائیلەوە. هەروەها پرۆفیسۆر ستەین لەنزیكەوە بنەماڵەی ئەسەد دەناسێت، بۆ قسەكردن لەسەر رەوتی رووداوەكانی سووریا و كۆتایی هاتنی رژێمی ئەسەد، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ پرۆفیسۆر ستەین ئەنجامدا.

تەواوی دیمانەكە لە ژمارە 922ی گۆڤار گوڵان بڵاو بووەتەوە
Top