حزبوڵڵا ده‌خرێته لیستی تیرۆره‌وه
هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، خواستی وڵاته‌كه‌یان نیشاندا بۆ ریزكردنی ناوی حزبوڵڵا له لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر بێت‌و تێوه‌گلانی ئه‌و رێكخراوه له په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی ساڵی رابردووی بولگاریا بۆسه‌ر گه‌شتیاره ئیسرائیلییه‌كان بسه‌لمێندرێت.
مانگی ته‌موزی رابردوو، له ئه‌نجامی په‌لامارێكی تیرۆریستی بۆسه‌ر پاسێك له ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی له بولگاریا، كه ژماره‌یه‌ك گه‌شتیاری هه‌ڵگرتبوو، پێنج گه‌شتیاری ئیسرائیلی كوژران، ده‌ستبه‌جێش حكومه‌تی ته‌لئه‌بیب حزبوڵڵای به ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه تۆمه‌تباركرد و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌نده‌وه‌شی لێ‌كرد، له به‌رامبه‌رداو دوای چه‌ند مانگێك، حزبوڵڵا هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی به رووداوه‌كه ره‌تكرده‌وه.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی گۆڤاری دێرشبیگل-ی ئه‌ڵمانی، كه له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه، هانز فریدیچ وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، دوای وتووێژكردن له‌گه‌ڵ پسپۆڕانی ئه‌منی و نوێنه‌رانی لیژنه‌ی هاوبه‌شی ئه‌مریكی – یه‌هودی، رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر بێت‌و په‌یوه‌ندی حزبوڵلای لوبنان به په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی بولگاریا بسه‌لمێندرێت، ده‌بێته پاڵنه‌رێكی به‌هێز بۆ ریزبه‌ندكردنی ئه‌و رێكخراوه چه‌كدارییه له لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی تایبه‌ت به یه‌كێتی ئه‌وروپا.