كۆنگرێسمانێكی ئەمریكا: سوریا چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە

كۆنگرێسمانێكی ئەمریكا: سوریا چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە
25ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا، مایك رۆجەرز، رایگەیاند: ئەگەرێكی زۆر هەیە رژێمی سوریا چەكی كیمیاوی دژی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بەكارهێنابێت.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی سی بی ئێسی ئەمریكایی، نوێنەری ولایەتی میشیگن لە كۆنگرێسی ئەمریكا و سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری لە كۆنگرێس، مایك رۆجەرز، رایگەیاند: ئەگەری زۆر هەیە رژێمی ئەسەد چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە و داواشی لە وڵاتەكەی كرد كە هااوكاری سەربازی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بدات تاوەكو بتوانن رووبەڕووی ئەسەد ببنەوە.

رۆجەرز، لەمبارەیەوە گوتی: \"گەر تەماشای سەرجەم زانیارییەكان بكەیت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەوەندە بەڵگەت بەدەست دەكەوێت كە ئەگەرێكی زۆر هەیە رژێمی ئەسەد بەلایەنی كەمەوە بڕێكی كەمی كیمیاوی بەكارهێنانەوە\"".

هەفتەی رابردوو، رژێمی سوریا گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی تۆمەتبار كرد کە چەكی كیمیاویان لە سوریا بەكارهێنانەوە و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە و رایانگەیاند دیمەشق چەكی كیمیاوی دژی ئەوان بەكارهێناوە و ئاشكرایان كرد كە لەمانگی كانوونی یەكەمی رابردووەوە سوپای ئەسەد سێ جار كیمیاویان بەكارهێناوە.

رۆجەرز، هەروەها داوای لە واشنتن كرد كە چیدیكە لە مەسەلەی سوریا بێدەنگ نەبێت و دەست بكات بە هاوكاریكردنی گروپە چەكدارەكان و گوتی \""دەكرێ ئێمە هاوكاریان بكەین و راهێنانیان پێ بكەین و چەكیان بدەینێ تاوەكو بتوانن رووبەڕووی هێزەكانی بەرانبەریان ببنەوە\""."
Top