ئەردۆغان: بەدەپە و پەكەكە دەیانەوێ لەیلا زانا بێدەنگ بكەن

ئەردۆغان: بەدەپە و پەكەكە دەیانەوێ لەیلا زانا بێدەنگ بكەن
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى توركیا ڕاى گەیاند، پارتى ئاشتى و دیموكراسى (بەدەپە) و پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) دەیانەوىَ لەیلا زانا ژنە پەرلەمەنتارى كورد بێدەنگ بكەن، وارگەى \"سى ئێن ئێن تورك\"" گواستییەوە.
پاش نیوەڕۆى دوێنێ هەینى ئەردۆغان سەرۆكى پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار لە توركیا لە چوارەمین كۆنگرەى ڕێكخستنى پارتەكەى لە شارى وان ڕەخنەى لە هەردوو پارتى بەدەپە و پەكەكە گرت كە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر دیدارەكەى ئەردۆغان و زانا دەردەبڕى و گوتى ئەوان دەیانەوێ لەیلا زانا بێدەنگ بكەن.

زیاتر گوتى \""بەمەبەستى چارەسەرى دیدارمان ئەنجام دا و گفتوگۆمان كرد. هەردوو پارتى بەدەپە و پەكەكە بەو دیدارە ناڕەحەت بوون و لێدوانى توندتریان دا. هەوڵى بێدەنگ كردنى زانا دەدەن. چۆن پارتى گەلى كۆمارى (جەهەپە) دەیەوێ تاكە پارت بێ، بەهەمان شێوە بەدەپەش دەیەوێ تاكە پارت بێ. دەڵێن ئێمە پارتى كوردانین، بەڵام چۆن جەهەپە لە دەرسیم دیموكراسى لەناوبرد ئەمڕۆ بەدەپەش هەمان شت دەكا\""، بەگوێرەى هەمان سەرچاوە.

سەرەتاى حەوتووى ڕابردوو لەبارەى چارەسەرى كێشەى كورد دیدارێك لە نێوان لەیلا زانا پەرلەمانتارى سەربەخۆى كورد لە پەرلەمانى توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى ئەو وڵاتە هاتە ئەنجامدان.

موراد قەرەیڵان سەرۆكى كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) هەفتەى ڕابردووو لەبارەى دیدارى ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى توركیا و لەیلا زانا پەرلەمانتارى سەربەخۆى كورد ڕاى گەیاند، كێشەى كورد بەهەوڵێكى تاكەكەسى سیاسەتوانێكى كورد چارەسەر نابێ و چاوەڕوانكردنى ئەنجامێكى ئەرێنى لە ئەنجامدانى ئەم دیدارە هەڵوێستێكى سیاسى ڕاست نییە.













ئاكانیوز"
Top