هەواڵگریی بەریتانیا دەڵێت تاوانی ئەلیكترۆنی بووە بە شەڕێكی گەورەی جیهانی

هەواڵگریی بەریتانیا دەڵێت تاوانی ئەلیكترۆنی بووە بە شەڕێكی گەورەی جیهانی
جۆناسان ئیڤانز، بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەریتانیا، گوتی: هەزاران هاككەری ئەلیكترۆنی بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی، كەموكورتی سیستمە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە بازرگانییەكان دەقۆزنەوە.


ئیڤانز ئاشكرای كرد كە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا بە تەنیا لێكۆڵینەوە لەو هێرشە ئەلیكترۆنییانە دەكات كە لە ماوەی رابردوودا كراونەتە سەر 12 كۆمپانیا لە لەندەن و بە بڕی 800 ملیۆن پاوەند، بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بەو كۆمپانیایانە.


ئیڤانز، گوتی: تا دێت مەترسییەكانی ئەو جۆرە هێرشانە زیاد دەكات، چونكە ژیان بە شێوەیەكی گەورە بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە و لە هەموو بوارێكدا مرۆڤ ئینتەرنێت بەكاردەهێنێت و ئەوەش ئەگەری تاوانە ئەلیكترۆنییەكان زیاتر دەكات و تا دێت مەترسییەكانی دزینی زانیارییەكان زیاتر دەبن.


ستراتیجیەتی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا هێرشە ئەلیكترۆنییەكان هاوتای هێرشە تیرۆریستییەكان دەكات، بە تایبەت كە ئەو هێرشانە ژێرخان و دامەزراوە گەورەكان و نهێنییەكانی دەوڵەت و بازرگانی دەكەنە ئامانج.


هەرچەندە ئیڤانز هیچ وڵاتێكی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەو هێرشانە تۆمەتبار نەكرد، بەڵام زانراوە كە چین و رووسیا لە پشت ئەو هێرشانەوەن.


بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەریتانیا، گوتی: چەندین رێكخراو خاڵە لاوازەكانی سیستمە ئەلیكترۆنییەكان دەقۆزنەوە، بەڵام بە تەنیا ئەوان ئەو كارە ناكەن و وڵاتانیش ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

Top