ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمەكەی ئەسەد ڕێك دەكەون و لە هەندێك پرسیشدا جیاوازییان هەیە

ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمەكەی ئەسەد ڕێك دەكەون و لە هەندێك پرسیشدا جیاوازییان هەیە
لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە ئێوارەی دوێنێ سێشەم لە قاهیرەی پایەتەختی میسردا كۆ بوونەوە، لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمەكەی بەشار ئەسەد و پاڵپشتیكردنی سوپای سووریای ئازاد ڕێك كەوتن، بەڵام تا ئێستە لەسەر چەند پرسێكی سەرەكی جیاوازییان هەیە. ئەمە بەپێی وارگەی ئەلقودس ئەلعەرەبی.
نێزیكەی 250 كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەو كۆبوونەوەیەدا هەوڵی یەكلاكردنەوەی چەند پرسێكی گرینگیان دا، لەناویاندا دەستوەردانی سەربازیی دەرەكی و هەروەها پاشەڕۆژی ڕۆڵی ئاین لە كاربارەكانی وڵات دوای ڕووخانی ڕێژیمەكەی ئەسەد.

كەمال ئەلبوانی یەك لە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن بەیاننامەی كۆتای كۆنگرەكەی خوێندەوە كە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند و گوتی، لەسەر ئەوە ڕێك كەوتین كە چارەسەری كێشەكان بە ڕۆیشتنی ڕێژیمەكەی ئەسەد و حكوومەتەكەی، هەروەها پاراستنی خەڵكی سڤیل و پاڵپشتیكردنی سوپای سووریای ئازاد دەست پێ دەكا.

هەروەها گوتی بەشداران ڕەزامەندییان دا لەسەر پاڵپشتیكردنی تەواوی سوپای سووریای ئازاد كە لەو سەربازانە پێك هاتووە لە سوپای سووریا جیاوە بوون و لەو ناوچانەی پشێوییان تێدایە پاڵپشتیی گەورە دەكرێن.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە گوتی، جیاوازیی قووڵ كۆنترۆڵی كارەكانی كۆنگرەكەی كرد. كەناڵی ئەلعەرەبییەش گواستیەوە كە لە كۆتای دانیشتنەكەدا شەڕ لە نێوان ژمارەیەك لە بەشداراندا دروست بوو.

بەپێی گوتەی سەرچاوەیلی ئامادەی كۆبوونەوەكە، جیاوازییەكان لەسەر داواكردنی دەستوەردانی سەربازیی دەرەكی بوو بۆ كۆتاهێنان بەو خوێن ڕشتنەی ماوەی 16 مانگە لەو وڵاتەدا بەردەوامە و بووەتە هۆی كوژرانی پتر لە 12 هەزار كەس.







ئاكانیوز
Top