ســەرۆکـــوەزیـــرانــــی هەرێمی کوردستان : هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت

ســەرۆکـــوەزیـــرانــــی هەرێمی کوردستان : هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-05-2024) لە رێوەڕەسمی کردنەوەی پردی دەربەندی رانیە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، پردەکە سوودێکی زۆری بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان و ئاسانکاریی گواستنەوەی بەروبوومی جووتیاران دەبێت، هەروەها یارمەتیی گەشەسەندنی کەرتی گەشتیاریی دەڤەرەکەش دەدات.

مەسرور بارزانی گوتی ''چوار ساڵ لەمەوپێش لە بارودۆخێکی سەختی دارایی و تەندروستی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی تووشی هەرێمی کوردستان ببوو، بەردی بناخەی ئەم پڕۆژەیەمان دانا، کە خۆشبەختانە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواوکرا و خرایە خزمەتی هاووڵاتییان."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی ''هەموو هەوڵمان خستووەتەگەڕ، هەموو توانای خۆمان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە سەختە ئابوورییە بهێنین، بەتایبەت ئەوەی کە مووچەی هاووڵاتییان لەکاتی خۆیدا بدرێت."

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو؛ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەردەوام لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە و شاندەکانی دانوستاندنکاریش بەردەوامن لە هەوڵدانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵیان داوە کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن ''بۆ ئەوەی مافی دەستووری و شایستەی داراییەکانمان دابین بکرێن و بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین."

پردی دەربەندی رانیە بە تەواوی لەلایەن توانا نێوخۆییەکانەوە جێبەجێکراوە بەپێی گوتەکانی مەسرور بارزانی، کە گوتیشی ''پلانمان هەیە بۆ خزمەتی کەرتی رێگەوبان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، خودا یار بێت بە باشتربوونی دۆخی دارایی، تۆڕی رێگەوبانی هەرێمی کوردستان کە شادەماری ئابوورییە، بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر پێش دەخەین."

درێژی پردەکە 420 مەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار و 417 ملیۆن دینار دروستکراوە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستانەوە بناخەکەی دانرا.

سەرۆکوەزیران دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمدا کار بۆ ''فرەچەشنکردن''ـی ئابووریی هەرێمی کوردستان کراوە و هەوڵیان داوە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستن، بەڵکو پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازیش بدەن.

Top