ئیسرائیل، سوریا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی تاوانبار دەکا و داوای بەکارھێنانی ھێزی نێودەوڵەتی دەکات

ئیسرائیل، سوریا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی تاوانبار دەکا و داوای بەکارھێنانی ھێزی نێودەوڵەتی دەکات
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جێگرەکەی ھێرشی توند دەکەن سەر ھەر یەک لە سوریا، رووسیا و ئێران و حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکان ناوخۆیی سوریا تاوانبار دەکەن و داوای بەکارھێنانی ھێزی سەربازی دەکەن.



جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل شائۆل مۆفاز حکوومەتی سوریا بە تاوانی کۆمەلکوژی تاوانبار دەکا و داوا دەکات کە بە ھێزی نێودەوڵەتی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بڕوخێندرێت.
مۆفاز لە دیمانەیەکی رادیۆییدا بۆ دەنگی ئیسرائیل، رەخنەی توندی حکوومەتی ئیسرائیل ئاراستەی سوریا کرد و گووتی: حکوومەتی بەشار ئەسەد ١٥ مانگە لە کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندان بەردەوامە.
وتیشی: ئەمڕۆ لە سوریادا تاوانی کۆمەلکوژیی ئەنجامدەدرێ و بێ دەنگ بوونی ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش بە تەواوەتی پێچەوانەی راستەییەکانە.

ھەروەھا موفاز ھەڵوێستەکانی رووسیا بە دوو فاق دەزانێ و دەڵێت: مۆسکۆ لە لایەک ئیدانەی کۆمەڵکوژییەکان دەکا و لەلایەکی تر حکوومەتەکەی ئەسەد پڕ چەک دەکات.

شائۆل مۆفاز پێیوایە چۆن ساڵی رابردوو لە لیبیا بۆ لە ناوبردنی حکوومەتەکەی معەممەر قەزافی رێگەی بەکارھێنانی ھێزی نێودەوڵەتی گیرایەوە، ئێستاش کاتی ھاتووە ھەمان رێگە بۆ رووخاندنی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بگیرێتەبەر.

لەلایەکی دیکەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاھۆ راگەیاند، حکوومەتی سوریا بە پشتیوانی ئێران و حزبوڵا خەڵکی مەدەنی سەردەبڕێت.
Top