ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی میسر دێتە راگەیاندن

ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی میسر دێتە راگەیاندن
لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی میسر بانگهێشتنی بۆ كۆبوونەوەیەك لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم كرد بەمەبەستی راگەیاندنی دەنگدانی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دوای گەیشتنی دەنگەكان لە رێگەی باڵوێزگە و كۆونسوڵگەكانی میسر لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە.

حاتم بەجاتۆ ئەمینداری گشتیی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، سات 20:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی قاهیرە لێژنەی سەرپەرشتیكاری دەنگدانی دەرەوە لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی میسر كۆبوونەوەیەك لە بارەگەی وەزارەتی دەرەوە ساز دەكا بۆ كۆكردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان.

هەروەها لێژنەكە داوای لە هەموو پاڵاوكەكانی سەرۆكایەتی و نوێنەرانیان كرد كە ئامادەی پرۆسەكە و راگەیاندنی رێژەی ئەو دەنگانە بن كە هەر پاڵاوكێك بەدەستی هێناوە.


11ی ئەم مانگە باڵوێزگە و كونسوڵگەكانی میسر لە وڵاتانی دنیا دەرگەیان لەبەردەم هاووڵاتییانی میسر لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دەنگدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی میسر واڵا كرد كە لە 11 تا 17ی ئەم مانگە بەردەوام بوو.

بڕیارە لە 23- 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی میسر بەڕێوە بچێ، كە تێیدا 13 پاڵاوك كێبەركێ لەسەر پۆستەكە دەكەن و بۆ ئەو مەبەستە چەندان چاودێری ناودەوڵەتی گەیشتوونەتە میسر لەوانە جیمی كارتەری سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا و شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا.
Top