سه‌رۆكی چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشته سووریا
![سه‌رۆكی چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشته سووریا](https://gulanmedia.com/public/old_images/news/robert-wd-3e4.jpg )
ژه‌نه‌ڕاڵ رۆبه‌رت موود، سه‌باره‌ت به سه‌قامگیر كردنی ئاشتی له سووریا گوتی، ته‌نانه‌ت هه‌زار چاودێری بێچهكیش به‌س نییه بۆ كۆتایی هێنان به توندوتیژییه‌كان، به‌ڵكوو ئاشتی ته‌نیا له رێگه‌ی هاوكاری و رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كانی سووریاوه مسۆگه‌ر ده‌بێت.
موود، وێڕای ئه‌وه‌ی داوای له هه‌موو لایه‌نه‌كانی قه‌یرانی سووریا كرد ده‌ست له توندوتیژی هه‌ڵگرن، رایگه‌یاند له رۆژانی داهاتوودا 30 چاودێری دیكه ده‌گه‌نه سووریا و ژماره‌ی چاودێره‌كان ده‌گاته 60 چاو‌دێر. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌گشتی 300 چاو‌دێر بۆ سووریا ده‌نێرێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی سه‌رۆكی چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا، شه‌ڕ و تۆپبارانی شاره‌كان درێژه‌ی هه‌بوو و به گوته‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، دوێنێ لانیكه‌م 25 كه‌س به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی رژێمی سووریا كوژراون و تۆپبارانی شاره‌كانی سووریا درێژه‌ی هه‌بووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رچاوه‌كانی سه‌ر به رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به تیرۆریست ناو ده‌به‌ن و ده‌ڵێن چه‌ندین هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی سوپای رژێمی سووریا.