لە كۆنگرەی دووەمى دۆستانى سووریادا هێڵە گشتییەكانى دەوڵەتی سووریاى تازە هاتە راگەیاندن

لە كۆنگرەی دووەمى دۆستانى سووریادا هێڵە گشتییەكانى دەوڵەتی سووریاى تازە هاتە راگەیاندن
بەبەشداریی 44 وەزیری دەرەوە و نوێنەرى 13 وڵاتی تر و 6 رێكخراوى ناودەوڵەتی و ئەنجوومەنى نیشتمانیى سووریا، ئەمڕۆ دووەم كۆنگرەى دۆستانى سووریا لە شاری ئەستەمبۆڵ دەستی بەكارەكانى كرد.

بورهان غەلیون سەرۆكى ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا لە دوایین وتارى كۆبوونەوەكەدا هێڵە گشتییەكانى دەوڵەتی سووریاى تازەى راگەیاند و گوتى، حكوومەتى تازەى سووریا دان بەمافە نەتەوایەتییەكانى كورد دادەنێ و داواى قەرەبووى زیانەكانى ئەو نەتەوەیە دەكا.

پتر گوتى، هەروەها حكوومەتى تازەى سووریا مافی هاووڵاتییان دەپارێزێ و مافی هەموو پێكهاتە ئاینی و مەزەبییەكان دەدا و كار بۆ بنیاتنانى دیموكراتى لە وڵات دەكا.

غەلیون گوتى، یەكەم كارى حكوومەتى تازە ئاشتەوایی نیشتمانى دەبێ بۆ سەرخستنى دادپەروەریی و لێبوردەیی، هەروەها حكوومەتى تازەى سووریا گوێڕایەڵی سەرجەم یاسا نادەوڵەتییەكان دەبێ و كار بۆ گەڕانەوەى بەرزاییەكانى جۆلان دەكا بەپێی یاسا ناودەوڵەتییەكان و پشتیوانى لە بزاوى رزگاریخوازى فەلەستینی دەكا بۆ دەستەبەركردنى دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

سەرۆكى ئەنجوومەنى نیشتیمانیی سووریا گوتى، داوا لە هەموو دۆستانى گەلی سووریا دكەین هەڵوێستێكی بەپەلەیان هەبێ و یارمەتیی مرۆیی بۆ گەلی سووریا رەوانە بكەن و ناوچەیەكی دژەفڕین بسەپێنن و كۆمەكی سوپاى ئازادى سووریا بكەن بۆ پارێزگاریكردن لە خەڵكی بێ دیفاعی سووریا.

غەلیون لە كۆتاى وتارەكەیدا داواى لە كۆمەڵی ناودەوڵەتی كرد ئەو ئەنجوومەنە وەك نوێنەری شەرعی گەلی سووریا بناسن.

سوویا كۆنگرەكەی بە كۆنگرەی دوژمنانی سووریا ناو برد و سەرجەم بڕیارەكانی رەت كردەوە.

فرەنسا رای گەیاند، لە كۆنگرەكەی سبەی یەكشەمدا دووپاتی دەكاتەوە میوانداریی كۆنگرەی سێیەمی \"دۆستانی سووریا\"" دەكا.

سێشەمی رابردووی كۆبوونەوەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوە چوو كە ئەنجوومەنەكەی وەك نوێنەری گەلی سووریا ناساند، بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا بەهۆی رازینەبوونی لە هەڵوێستی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كاتیی سووریا لە مافەكانی نەتەوەی كورد لە قۆناغی پاش رووخانی ئەسەد، لە كۆبوونەوەكە كشایەوە."
Top