ڕووسیا هێشتا نەهاتووەتە ژیِربار و پێکدادانیش چڕتر بووەتەوە
سەرباری بەردەوامیی ئەو خوێنڕێژییە كە هێشتا ڕوون نییە كە دەوەستێنرێت یان نا، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی، كۆفی ئەنان، بەرو مۆسكۆ بەڕێ كەوتووە بەڵكە پشتیوانیی ڕووسیا بۆ بەرگرتن بە شەڕ و پێكدادان بەدەست بهێنێت.
وڵاتانی ڕۆژاوا و عەرەبییەكان داوا لە سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد دەكەن كە دەستبەرداری دەستەڵاتەكەی بێت، بەڵام ڕووسیای هاوپەیمانی سووریا هێشتا هەنگاوی پێویستی نەناوە.
ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە كە دوێنێ شەممە، كرملین ڕۆژێك بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆفی ئەنان، بەیاننامەیەكی دەر كردووە و تاێیدا هاتووە كە وەستاندنی شەڕ و بەرگرتن بە توندوتیژی كارێكی سەختە \"ئەگەر بێت و هاوكاریی دەرەكی بۆ ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی سیاسی و پڕچەككردنیشییەوە، نەوەستێندرێت.\""
دوای زیاتر لە ساڵێك لە ڕاپەڕین لە سووریادا و دژبە باشار ئەسەد، بیرۆكەی ئاشتی لەو وڵاتەدا دوور دەبینرێت، ئەمە لە كاتێكدا كە زانیارییەكان ئاماژە بە پێكدادان لە ناوچەگەلێكدا دەكەن.
هەموو ئەمانە لە كاتێكدان كە چالاكوانان حكوومەتی سووریا بە بۆردومانی ڕەمەكیانەی ئەو ناوچانەی حمس تۆمەتبار دەكەن كە دانیشتووانی لێ هەن. دەیشڵێن كە لانی كەم 10 كەس بە هۆی تەقینەوە و فیشەكی قەنناسەوە كوژراون.
چالاكوانان هاوكات دەڵێن كە هەموو بەیانییەك و بێ هیچ هۆیەك بۆردومان درێژە پێ دەدەن كە تێیدا گوللەی تانك و مورتەر بەسەر گەڕەكەكانی حمسی كۆندا دەڕژێنن."