دامەزرێنەری ویكیلیكس خۆى بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پیرانی ئوسترالیا دەپاڵێوێ

دامەزرێنەری ویكیلیكس خۆى بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پیرانی ئوسترالیا دەپاڵێوێ
جولیان ئەسانج دامەزرێنەى وارگەى ویكیلیكس بڕیاری دا خۆى بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پیرانى ئوسترالیا بپاڵێوێ كە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، وارگەى مۆنتیكارلۆ بڵاوى كردەوە.

ئەسانج كە ئێستە بە ناچاری لە بەریتانیا وەك پەنابەر نیشتەجێیە، دوێنێ شەموو لەسەر تۆڕى تویتەر هەواڵى بەشداریكردنەكەى بڵاو كردەوە.

ئەسانج دامەزرێنەرى وارگەى ویكیلیكس لە ساڵى 2010 دواى بڵاوكردنەوەى بەڵگەنامەى سەربازیی نهێنی لەبارەی شەڕی عێراق و ئەفغانستان و نامەى دیپلۆماتكارە ئەمەریكایییەكان، زیاتر لە ساڵێكە بە ناچاری لە بەریتانیا نیشتەجێ كراوە.

ئەسانج ساڵى رابردوو لەلایەن حكوومەتى سویدەوە بە تۆمەتی زۆرەگێكردنی ئافرەتێك سكاڵای لەسەر بەرز كرایەوە و داواى لە بەریتانیا كرد دەستگیری بكا، ئێستەش كێشەكەى لە دادگەى بەریتانیایە و چاوەڕوانى بڕیاری كۆتاى دادگەكە دەكا.

وارگەى ویكیلیكس گوتى، سەرەڕاى ئەوەى مافی پەنابەرێتیی بەریتانیای پێ دراوە، شیمانە هەیە جۆلیان ئەسانج خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پیرانى ئوسترالیا بپاڵێوێ و دووپاتیشى كردەوە كە ئەسانج بڕیارى داوە نامەى خۆپاڵاوتنەكەى پێشكێش بكا.

زیاتر گوتى، لە كاتێكى دیاریكراودا ناوى ئەو ویلایەتەى كە ئەسانج خۆى دەپاڵێوى دێتە ئاشكراكردن.

حكوومەتى ئوستورالیا چەندان جار سەركۆنەى وارگەى ویكیلیكسى كردووە و جۆلیا جیلارد سەرۆك وەزیرانى ئوسترالیا راى گەیاندبوو كە حكوومەتەكەى هیچ پێوەندییەكى بە ویكیلیكسەوە نییە و بەرپرسیار نییە لە ناوەڕۆكى بەڵگەنامەكان.
Top