ئەنان داوا لە ئەنجوومەنى ئاسایش دەكا لەئاست تەنگژەى سووریا یەكهەڵوێست بێ

ئەنان داوا لە ئەنجوومەنى ئاسایش دەكا لەئاست تەنگژەى سووریا یەكهەڵوێست بێ
كۆفى ئەنانى نێردەى تایبەتى نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆوەندى عەرەبی بۆ سووریا، كە هەفتەى رابردوو لە دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا كۆ بووەوە، داواى لە ئەنجوومەنى ئاسایش كرد لەپێناو چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا كە ئەو وڵاتە بەرەو شەڕى ناوەخۆ دەبا، یەكهەڵوێست بێ. رۆیتەرز گواستیەوە.

چەند دیپلۆماتێك لە ئەنجوومەنى ئاسایش ئاشكرایان كرد، ئەنان لە كۆبوونەوەیەكى داخراوى ئەنجوومەنى ئاسایشدا كە لەرێى بازنەیەكى تەلەڤزیۆنیى داخراوەوە بەڕێوە چوو، راى گەیاندووە ئەنجوومەنى ئاسایش چەندە پاڵپشتیى زیاترى بكا لە دانوستاندنەكانى بۆ ئاگربەست، هێندە دەرفەتى سەركەوتنى لە ئەركەكەیدا زیاتر دەبێ.

ئەنان گوتى \"چەندە پەیامەكەتان بەهێزتر و یەكگرتووتر بێ، هێندە دەرفەتمان بۆ گۆڕینى بزوێنەرەكانى ململانەكە باشتر دەبێ\"".

بەپێى ئەو سەرچاوانە، ئەنان بە ئەندامانى ئەنجوومەنى راگەیاندووە كە وەڵامى دیمەشق بۆ پێشنیازە 6 خاڵییەكەى بۆ بەرقەراركردنى ئاشتى لە سووریا، نائومێدكەرە، بەڵام هێشتا تیمەكەى ئەنان لە دانوستاندنەكانى لەگەڵ حكوومەتى سووریا بەردەوامە.

ئەنان لە هەوڵى ئەوەدایە ئاگربەست لە سووریا بێتە راگەیاندن و گفتوگۆ لەنێوان حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن دەست پێ بكا.

وەزارەتى دەرەوەى سووریا دوێنێ هەینى نامەیەكى ئاراستەى سەرۆكى ئەنجوومەنى ئاسایش و ئەمیندارى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، تێیدا گرووپە چەكدراەكانى ئۆپۆزسیۆن بە ئەنجامدانى كوشتار لە ریزى مەدەنییەكان و تۆمەتباركردنى حكوومەت بە ئەنجامدانى تۆمەتبار كرد، لەوانە كوشتارەكەى 12ى ئەم مانگەى شارى حمس، كە 45 كەسى سیڤیل بەشێوەیەكى دڕندانە كوژران."
Top