وەلید جونبوڵات داوا لە دورزییەكانی سووریا دەكا بەشداری لە سەركوتكردنی جەماوەری راپەڕیو نەكەن
![وەلید جونبوڵات داوا لە دورزییەكانی سووریا دەكا بەشداری لە سەركوتكردنی جەماوەری راپەڕیو نەكەن](https://gulanmedia.com/public/old_images/news/welid-jumbulat-121.jpg )
جونبوڵات لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، بەنی مەعرووف لە سووریا، وەك ئاماژەیەك بۆ دورووزەكانی ئەو وڵاتە، باش دەزانن كە رەوڕەوەی شۆرشی گەلان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و یادەوەری جەماوەریش بێ بەزەییە و ئەوانەشی لە ناوچەكانی دەرعا، سەنەمەین، بەسرە حەریر، خەربە غەزال، حمس و حەما و شارەكانی ترن، ئەوان خاوەنی دواڕۆژی ئەو وڵاتەن.
زیاتر گوتی، كاتی ئەوە هاتووە واز لە پاڵپشتیكردنی پۆلیس و سوپا بهێنرێ، كە سەرقاڵی سەركوتكردنی گەلی سووریان و تەرمی سەدانیان گەیشتووەتە ماڵباتەكانیان بەهۆی وەستانیان دژی كەسوكاریان لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتەدا.
لە ناوەڕاستی ئادار/مارسی رابردوو راپەڕینی گەلی سووریا دژی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دەستی پێ كرد و ئێستەش بەردەوامە و بەپێی ئاماری پێشتری نەتەوە یەكگرتووەكان تا ئێستە زیاتر لە 4 هەزار كەس كوژراون.