نەتەوە یەکگرتووەکان: تا ناوەڕاستی مانگی تەمموز زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە ڕووبەڕووی مردن و برسێتی دەبنەوە
مارتن گریفیتس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی و سەرۆکی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی تا ناوەڕاستی مانگی تەمموز زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مردن و برسێتی ببنەوە.
گریفیتس پەیامێکی ئاراستەی گروپی حەوت وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە سبەی نوێنەرانی ئەو وڵاتانە لە ئیتاڵیا کۆدەبنەوە، هەروەها هۆشداریشیدا لە پەرەسەندنی ململانێکان لە سودان و غەززە و ناوچەکانی دیکەی جیهان.
لە پەیامەکەیدا لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی: نیوەی خەڵکی غەززە کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە، تا ناوەڕاستی مانگی تەمموز ڕووبەڕووی مەترسی مردن و برسێتی دەبنەوە.
هەروەها مارتن گریفیتس جەختی لەوە کردەوە کە ٥ ملیۆن کەس لە سودان لە لێواری برسێتیدان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژە بە ڕێگریکردن لە چالاکیی فریاگوزاری لە غەززە و سودان جەختی کردەوە: دەبێت ئەم دۆخە بگۆڕدرێت. نابێت تەنانەت یەک خولەکیش لەدەست بدەین.
گوڵان: سەردار خەلیل