ئیسرائیل داوا لە واشنتۆن دەكا باڵوێزخانەكەى لە قاهیرە بپارێزێ

ئیسرائیل داوا لە واشنتۆن دەكا باڵوێزخانەكەى لە قاهیرە بپارێزێ
ئیسرائیل داواى لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا كرد باڵوێزخانەكەى لە قاهیرە بپارێزێ، ئەویش دواى ئەوەى ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرەیلى میسرى هەڵیانكوتایە سەر باڵوێزخانەكە.

لە بەیاننامەیەكى وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیلدا هاتوە، ئیهۆد باراكى وەزیرى بەرگرى لە پێوەندییەكى تەلەفۆنى لەگەڵ لیۆن پانیتاى وەزیرى بەرگریى ئەمەریكا و دێنیس رۆس نێردەى سەرۆكى ئەمەریكا، داواى پاراستنى باڵوێزخانەى ئیسرائیلى كرد لە قاهیرە.

باراك ئۆباماى سەرۆكى ئەمەریكا لە پێوەندییەكى تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل \"نیگەرانیى قووڵ\""ى خۆى لەبارەى دۆخى باڵوێزخانەى ئیسرائیل لە قاهیرە و ئاسایشى ئەوانەى كارى تێدا دەكەن، دەربڕى.

كۆشكى سپى لە بەیاننامەیەكدا داواى لە قاهیرە كرد رێز لە پابەندیى ناودەوڵەتیى خۆى بگرێ و باڵوێزخانەى ئیسرائیل لە قاهیرە بپارێزێ. ئەمە بەپێى هەواڵى وارگەى ئەلیكترۆنیى رادیۆ سەوا.

دواى ئەوەى لە ناوەڕاستى شوبات/فێبرایەرى رابردوودا رێژیمى حوسنى موبارەك هەرەسى هێنا، پێوەندیی میسر و ئیسرائیل تا دێ روو لە گرژیى زیار دەكا، بەتایبەت دواى ئەوەى مانگى رابردوو لە كردەیەكى سەربازیى ئیسرائیلدا لە سنورى نێوان هەردوووڵات، 5 سەربازى میسرى هاتنە كوشتن.

میسر یەكەمین وڵاتى عەرەبییە رێكەوتنى ئاشتى لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا كردووە، ئەویش رێكەوتنامەى كامپ دەیڤید بوو كە لە 17 سێپتەمبەرى 1978 لەلایەن محەمەد ئەنوەر ساداتى سەرۆكى میسر و مەناحیم بێگنى سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیلدا ئیمزا كرا، بەو هۆیەشەوە سادات و بێگن خەڵاتى نۆبڵى ئاشتییان بەهاوبەشى وەرگرت.

بەهۆى ئیمزاكردنى ئەو رێكەوتنامەیەوە كۆبەندى عەرەب ئەندامیەتیى میسرى لە ساڵى 1979وە تا 1989 هەڵپەسارد.

لە 6 تشرینى یەكەم/ئۆكتۆبەرى 1981دا لە نمایشێكى سەربازیدا ئەنوەر سادات لەلایەن یەكێك لە سەربازەكانى سەر رێكخراوى جیهادى ئیسلامی بەناوى \""خالید ئەلئیسلامبولی\""ەوە تیرۆر كرا و محەمەد حوسنى موبارەك جێى گرتەوە."
Top