ئەسەد وتارێك لەبارەى پەرەسەندنەكانى وڵاتەكەى پێشكێش دەكات

ئەسەد وتارێك لەبارەى پەرەسەندنەكانى وڵاتەكەى پێشكێش دەكات
بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا بەنیازە وتارێكى نوێ ئاراستەى گەلى سووریا بكات، كە ئەوە چوارەمین وتاریەتى لە دەستپێكردنى خۆپێشاندانەكەى ئەو وڵاتەوە و یەكەمین وتاریشیەتى دواى داواكارییەكەى واشنتۆن و وڵاتانى ئەوروپایى بۆ بەجێهێشتنى دەسەڵات. ماڵپەڕى رادیۆ سەوا ئەمڕۆ گواستیەوە.

رۆژنامەى واشنتۆن پۆست لە زارى ریم حەداد بەرپرسى پێوەندییە دەرەكییەكان لە وەزارەتى راگەیاندنى سووریاى گواستەوە، ئەسەد لەو وتارەدا، كە چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژى نێزیكى داهاتوودا پێشكێشى بكات، باسى دواین هەنگاوەكانى ئەو بەرنامە \"چاكسازی\""یەى دەكات كە پێشتر راى گەیاندبوو.

بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەكى سووریایى، وتارەكە راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنەوە پەخش دەكرێ.

زۆر جار ئاژانسى دەنگوباسى رەسمیى سووریا 24 سەعات پێشتر هەواڵى پێشكێشكردنى وتارەكانى سەرۆكى وڵات رادەگەیەنێ.

لەگەڵ بەردەوامیى خۆپێشاندانەكانى سووریا و كوژرانى ژمارەیەكى زیاتر لە خۆپێشاندەران، گوشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر دیمەشق زیاتر دەبن.

لە 4ى ئەم مانگەدا ئەنجوومەنى ئاسایش بەهۆى سەركوتكردنى خۆپیشاندانەكانى ئەو وڵاتە سەركۆنەى سووریاى كرد و داواى راگرتنى توندوتیژییەكانى كرد.

چەند وڵاتێكى ئەوروپاییش رایان گەیاندووە رەشنووسی بڕیارێك پێشكێشى ئەنجوومەنى ئاسایش دەكەن بۆ سەپاندنى سزاى نێودەوڵەتى بەسەر سووریادا.

پێرێ پێنجشەم (18 ئاب) باراك ئۆباماى سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا و یەكەتیى ئەوروپا راشكاوانە داوایان لە ئەسەد كرد واز لە دەسەڵات بێنێ.

هەروەها یەكەتیى ئەوروپا دوێنێ هەینى بڕیارى دا لەدژى بەردەوامیى بەكارهێنانى توندوتیژى دژ بە خۆپێشاندەران، هاوردەكردنى نەوت لە سووریا قەدەغە بكات، كە 40%ى نەوتەكەى بۆ ئەوروپا هەناردە دەكات.

هەروەها بڕیارى دا لیستى ئەو بەرپرس و قەوارە سووریاییانە فراوانتر بكرێ كە چوونە نێو وڵاتانى ئەوروپایان لێ قەدەغە كراوە و سەرمایەكانیان بلۆك بكرێ.

بەڵام رووسیا تائێستە دژ بە داواكاریى دەستبەرداربوونى بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریایە لە دەسەڵات و پێى وایە ئەسەد پێویستى بە كاتى زیاترە بۆ ئەوەى چاكسازییەكانى جێبەجێ بكات.

بە گوێرەى راگەیاندنى رێكخراوێكى مافناسى سووریایى، لە ئەنجامى رووبەڕوبوونەوەكانى دوێنێ هەینیدا لانى كەم 23 كەس كوژراون.

چالاكوانانى سووریا هەفتەى رابردوو رایان گەیاند لە سەرەتاى دەستپێكردنى خۆپیشاندانەكانى سووریا لەدژى رێژیمەكەى بەشار ئەسەد لە ئادار/مارسی رابردووەوە، 2100 كەس كوژراون و 26 هەزار كەسیش گیراون، كە 12 هەزاریان تائێستە لە گرتووخانەكاندان.


-ئاكانيوز"
Top