له‌ سه‌قز کۆڕێکی شیعری بۆ قاسم مو‌ئه‌یدزاده‌ به‌ڕێوه‌چوو

له‌ سه‌قز کۆڕێکی شیعری بۆ قاسم مو‌ئه‌یدزاده‌ به‌ڕێوه‌چوو
کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیری کورد قاسم موئه‌یدزاده‌ ناسراو بە "هه‌ڵۆ" له‌شاری سه‌قز به‌ڕێوه‌چوو.
زانکۆی ئازادی ئیسلامی یه‌که‌ی ناوچه‌ی سه‌قز، به‌هاوکاری ئه‌نجومه‌نی مه‌وله‌وی کورد و ئه‌نجومه‌نی په‌یڤ، ئەو ئێواره‌ کۆڕەی سازکرد.
له‌و کۆڕه‌شیعرییه‌دا هه‌ڵۆ، ‌به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵبه‌ست و به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌کانی خۆی ئاماده‌بووانی هێنایه‌جۆش و خرۆش.
که‌سایه‌تییه ‌که‌لتووری و چالاکانی زانستی و هونه‌ری و قوتابیانی ناوچه‌ی سه‌قز پێشوازییه‌کی گه‌رمیان له‌و ئێواره ‌شیعره ‌کرد، ‌تێیدا هه‌ڵۆ له‌سه‌ر بانگهێشتی زانکۆی ئازادی ئیسلامی یه‌که‌ی سه‌قز له‌هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی دکتۆر محه‌مه‌د فازلی چه‌ندین پارچه‌ شیعری به‌هه‌ر دوو زمانی کوردی و فارسی خویندەوە.
هه‌ڵبه‌ست و به‌رهه‌مه ‌شیعرییه‌کانی ئەو شاعیرە به‌زمانه‌کانی کوردی و فارسی و به‌ستایل و شێوازه‌کانی کلاسیک و عه‌رووزی و ئازاد هۆنراوه‌ته‌وه‌ و له ‌کتێبی کۆمه‌ڵه شیعری "برووسکه‌" چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه ‌که ‌به‌رهه‌می چه‌ندین ده‌یه ‌هه‌وڵ و داهێنان و ‌خزمه‌ت و چالاکیی ئه‌و‌ له‌بواری فه‌رهه‌نگ و زمان و ئه‌ده‌بیات و شیعری کوردی دایه‌.
هه‌ڵۆ، مامۆستای خانه‌نشینکراوی ئیداره‌ی په‌روه‌رده‌و بارهێنانی شارستانی مه‌هاباده‌، هێشتا به‌رهه‌م گه‌لێکی زۆری له‌حاڵی کۆکردنه‌وه‌و ئاماده‌کردن دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ‌له ‌داهاتوودا چاپ و بڵاوبکرێنه‌وه‌. ستایلی شیعریی ئه‌و له‌نێو کۆمه‌ڵگای ئه‌ده‌بدۆستی کوردستاندا لایه‌نگرێکی زۆری هه‌یه‌و بابه‌ت و ناوه‌رۆکی شیعره‌ فارسییه‌کانی زیاتر له‌بواری عیرفان و ناوه‌رۆکی شیعره‌ کوردییه‌کانی پێکهاتووه‌ له‌بابه‌ته‌کانی نه‌ته‌وه‌یی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خنه‌یی.
له‌ماوه‌ی ساڵانی کار و چالاکیی ئه‌ده‌بیی خۆیدا چه‌ندین کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی شیعری سازکردووه‌، پارچه ‌شیعری "یاره‌ژیکه‌ڵانه‌که‌م" یه‌کێکه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ جوان و هه‌ره ‌ناسراوه‌کانی ئەو شاعیرە مەهابادییە که ‌له ‌ساڵانی رابردوودا که‌وته‌سه‌ر زاری خه‌ڵکی کوردستان و چه‌ندین جار له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژانی کورد بە مه‌قام و گۆرانی ئاراسته‌کراوه‌.
Top