کتێبێکی گۆنتەر گراس لە دوای مردنی بڵاوکرایەوە

کتێبێکی گۆنتەر گراس لە دوای مردنی بڵاوکرایەوە
نووسەر و رۆماننووسی ئەڵمانی، گۆنتەر گراس، بەر لە مردنی کتێبێکی بۆ چاپکردن ئامادە کردبوو، دوای مردنی بە چاپ گەیێندرا و بڵاوکرایەوە.
ئاژانسی "دی پی ئەی"ـی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە، ئەم کتێبە نوێیە بەناوی "Endlichkait Vonna"ـە و بەم دواییە چاپ و بڵاکرایەوە و کتێبەکە چەند تێکستێکی پەخشان، شیعر و وێنەی شیکاری تایبەت بە ئەدەب لەخۆگرتووە.
لە مەڕاسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا لە شاری گۆنتگتن لە ئەڵمانیدا، گێرهارد ستیدل کە کتێبەکەی لە رێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ستیدال بڵاوکردۆتەوە، رایگەیاند "بە بڕوای من جارێکی دیکە رووداوێکی گەورە روویدایەوە".
کتێبەکە بە زمانی ئەڵمانییە و ناونیشانەکەی بە مانای "لەبارەی سنووردارییەوە"یە و لە ١٧٦ لاپەڕەدا بە چاپ گیێندراوە.
چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ٥٠ هەزار دانەیە و ئێستا لە بازاڕەکانی کتێبفرۆشی ئەڵمانیادا بڵاوکراوەتەوە.
گراس کاری زۆری لەسەر ئەم بەرهەمە کردووە و وەک دوا بەرهەم پێشکەش بە خوێنەرانیی کردووە، بۆیە خوێنەران بە پەرۆشەوە لە چاوڕوانی ئەم بەرهەمەدا بوون.
لەم کتێبەدا ئەو نووسەرە ئەڵمانییە، باس لە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، پیری، مردن و خودا کردووە.
هەر لەم کتێبەدا دەقی شیعری لەبارەی رەوشی ئەڵمانیا بەرچاو دەکەوێت و بەناوی "رقی بیانییەکانە"ـە.
گۆنتەر گراس، لە ١٦ تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر ١٩٢٧ لە شاری گدانسک لە وڵاتی پۆڵەندا لە دایک بووە، لەرێگەی رۆمانێکی سێ بەشییەوە لەسەر ئاستی جیهاندا وەک رۆماننووسێک ناسرا، لە ١٣ نیسان/ ئەپڕێلی ٢٠١٥ـدا لە تەمەنی ٨٧ ساڵدا گیانی لەدەستدا.
گراس، لە ماوەی ٥٠ ساڵدا چەندین کتێبی لە بوارەکانی رۆمان، شانۆ، شیعر، بالێ و لێکۆڵینەوە بە چاپ گەیاندووە و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی بەدەستهێناوە.
Top